Accessibility links

سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە کوردییەکاندا


وەک بەشێک لە چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمە دەستیان کردووە بە دادگایی کردن و سزادانی خۆپیشاندەران.

بە پێی دواین ئاماری ئاژانسی هرانا کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، هەتا ئێستا نزیکەی 19 هەزار کەس لە سەرانسەری ئێراندا دەستگیرکراون.

چالاکوانێکی کورد دەڵێت نزیکەی % 40 ی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون کوردن.

شلێر باپیری چالاکوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بە پێی ئەو ئامارانەی بە ڕێکخراوەکەیان گەیشتووە "زیاتر لە 7 هەزار کەس لە شارە کوردەکاندا گیراون کە 209 کەسیان ژنن و 180ش منداڵن و 90 کەس لەوانە خوێندکارن."

هەروەها دەشڵێت لە شارە کوردییەکاندا "70 کەس سزای لەسێدارەدان، لێدانی بە قامچی، زیندانی کردن و سزای داراییان بەسەردا سەپێندراوە. "

شەپۆلێکی سەرتاسەری نارەزایی دەربڕین لە ئێراندا لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینی. ئەم شەپۆلی ناڕەزیی دەربڕینە لە ئێراندا بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە. لەو کاتەوەی ئەو شۆڕشە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری دیواندەرە دەستیپێکرد چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ چەندین جار هۆشداری ئەوەیان داوە کە سەرکوتکردنەکان و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکاندا زیاترە.

شلێر باپیری
شلێر باپیری

خاتوو باپیری دەڵێت کۆماری ئیسلامی هەمیشە کوردستانی وەکو مەترسییەک بۆسەر یەکپارچەیی ئێران پێناسە کردووە "بۆیە هەمیشە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە کوردستان پەراوێز بخات کە سەرکوتی زیاتری لەسەربێت و بتوانێت دەنگیان کپ بکات. کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە ئەو مەشخەڵەی لە کوردستانەوە سەرهەڵدەدات، ئەو یەکدەنگی و خۆپیشاندانانەی کە لەوێ دەکرێن بۆی هەیە وا بکات ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش یەکدەنگ بن لەگەڵ کوردستان و ببێتە ڕاپەرینێک کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڕوخێنرێن. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە کورد وەکو یەکێک لە نەتەوە گەوەرەکانی ئێران سەرکوتبات بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێت بە سیمبول بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران."

بە پێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ یەکێک لەو شارانەی کە بەشێوەیەکی زۆر توند هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندانەکانیان تیادا سەرکوت کردووە، شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانە. ڕێکخراوەکانی کە زانیاری لە سەرچاوەکانی نێو ئێران وەردەگرن دەڵێن لەوەتای 31 ی مانگی 12 و دوابەدوای بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانی گەورەی شارەکەدا کوژرابوون، دەیان کەس دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان منداڵن.

خاتوو باپیری لەسەر ڕەوشی ئەو شارە دەڵێت " بە داخەوە دۆخی جوانڕۆ لە بارێکی زۆر خراپدایە. هەم لە ڕووی ئەوەی کە برینداری زۆرە و هەم لە ڕووی ئەوەش کە گەمارۆیەکی زۆری لەسەرە و ناتوانرێت داو دەرمان بگاتە ئەوێ. هاوکاتیش تەنها لە ماوەی دە دوازدە ڕۆژی هەتا ئێستا 39 کەس گیراون کە 12 کەس لەوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە. تا ئێستاش دەستگیرکردنی خەڵکی لەوێ بەردەوامە. دۆخی ئەنتەرنێتیش زۆر خراپە و شارەکە بە تەواوەتی گەمارۆدراوە تا نەهێڵن دەنگیان زیاتر بە دەرەوەی ئێران بگات. "

لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە دەستیان پێکردووە گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانییەکی زۆریان لەسەر ڕەوشی بریندارەکانیش دەربڕیوە. سەرچاوەکان دەڵێن بریندارەکانی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە گولەی هێزەکانی ئاسیش بریندار بوون، لە ترسی ئەوەی دەستگیر نەکرێن ناچنە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر وەرگرتن و لە ماڵەکانیشدا بە ئاسانی دەستیان بەدەرمان ڕاناگات.

سەبارەت بە شارەکانی تری کوردستانی ئێران خاتوو باپیری دەڵێت "بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بڵێی دۆخێکی ملیتاریزە هەیە ئەوەش وایکردووە کە دەرفەت بۆ خۆپیشاندانی بەرین کەم بکاتەوە. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان تەنانەت بۆ چوونە ژوورەوە و هاتنەو دەرەوەش لە نێو شارەکاندا خاڵی پشکنین دانراوە. ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی شارەکانی کوردستانی زەحمەتتر کردووە. "

چالاکوانانی ئێران بەردەوام لەهەوڵدان دەنگی خەڵکی ناڕازی ئێران بگەیەنن بە وڵاتانی دەرەوە تا بتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی فشارەکان لەسەر ئێران دروست بکەن.

تەیمور ئەلیاسی
تەیمور ئەلیاسی

تەیمور ئەلیاسی ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بنکە لە ژنێڤ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەسەر ئەم کردەوانەی ئێران لە ئێستادا هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە تا " فشار بخنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا تا تەنها ئیدانەی ئەم شتانە نەکەن بەڵکو هەنگاوی مانادار بنێن بۆ ڕێگریکردن لەم کردارانە بۆ نمونە باڵیۆزخانەکانی ئێران دابخەن یان باڵیۆزەکانیان دەربکەن، بە شێوەیەکی کاریگەر سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی وەکو ڕێکخراوێک بخەنە لیستی ڕەشەوە نەک تەنها کەسایەتییەکانی نێوی."

ڕۆژی سێشەممە شلێر باپیری، و کاوە حەسەن پوور کە هەردووکیان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی هەنگاون بۆ مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ عوسمان کەوکەب شاد، ئەندامی ئەنجومەنی شاری هامەر لە نەرویج، سەردانی بەشی باکووری ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کرد و لەگەڵ بەرپرسی بەشی ئێراندا کۆبوونەوە. خاتوو باپیری لەسەر سەردانەکەی بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئێمە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەنگاوی ساڵی 2022 مان پێشکەشکردن کە تیایدا نیشان دەدات دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە بارێکی زۆر خراپدایە. جا ئەمە هەر لە کوشتنی کۆڵبەرانەوە بگرە تا بریندارکردن و ئاماری لەسێدارە دراوەکان و ئاماری گیراوەکانی هەمووی تێدایە."

دەشڵێت " ئەوان ڕاپۆرتەکانیان بە گرنگ زانی و نیگەرانی خۆشیان دەربڕی لەمەڕ دۆخەکە و گوتیان یەکدەنگن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی گەمارۆکان بخەنە سەر ئێران. هەر پاش کۆبونەوەکەی ئێمە باڵیۆزی ئێرانیان لە نەرویج بانگ کردبوو بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەن."

بە پێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەوەتای خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردوو بەلایەنی کەم 481 کەس کوژراون. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی چوارشەممەیدا ڕایگەیاند بەلایەنی کەم 121 کورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەشێکی زۆری ئەوانەی کە کوژراون خۆپیشاندەربوون و هەندێکیش ئەو خەڵکە سیڤیلە بوون کە هیچ پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە نەبووە. 11 قوربانیش منداڵ بوون و 8 کەسیش لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا کوژراون.

هەرچەندە وەک شلێر باپیری دەڵێت لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا خۆپیشاندانی فراوان وەکو ئەوانەی دوو مانگی یەکەم نەکراون کە هۆکارەکەشی بۆ سەرکوتکارییە زۆرەکان بەتایبەتی جێگیرکردنی هێزێکی زۆری چەکداری لە کوردستان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەندێک لە شارەزایانیش پێیان وایە کە دۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش 16 ی مانگی نۆ.

سوڵماز درودی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەرنامەی کورد کۆنێکشنی دەنگی ئەمەریکا گوتی مێژووی ئێران دابەش دەبێت بە پێش شۆڕشی ژینا و دوای شۆڕشی ژینا " بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو خەڵک زۆرجار هاتوونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام ئەمجارە زیاتر لە هەموو وەختەکانی تری ئێرانی گرتووەتەوە".

کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندەران بە " ئاژاوە گێڕ" ناودێردەکات و دەڵێت لەلایەن وڵاتانی نەیارەوە هاندەدرێن.

XS
SM
MD
LG