Accessibility links

ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، دەڵێت بە وردبوونەوە لە ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە نزیکەی 100 وڵات لە ماوەی ساڵی 2022 ، دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە دەسەڵاتە زۆردارییەکان بوونەتە مایەی مەینەتییەکی گەورەی مرۆیی.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەی کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت حکومەتی ئێران زۆر بە دڕندانە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی کرد و هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی نایاسایی هێزی لە ڕادەبەدەر و کوشندەیان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، وە چالاکوانانی ئاشتیخوازی مافەکانی مرۆڤ و هەزاران خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد و دەیان کەسیان حوکم دا بە تۆمەتی سەیر و ئاڵۆز کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە.

هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی نۆ، هۆکاری هەڵگیرساندنی خۆپیشاندانەکان بوو لە سەرانسەری ئێراندا کە قوتابخانە و زانکۆکانیشی گرتەوە.

دەشڵێت هێزەکانی ئاسایش بە کلاشینکۆڤ و دەمانچە و تاپڕ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد. بۆ نمونە لە 30 ی مانگی نۆ لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و دەیان کەسیان کوشت و بریندارکرد. هەتا 14 ی مانگی یازدە ڕاپۆرت کراوە 341 خۆپیشاندەر کوژراون کە 52 کەسیان منداڵ بوون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەر لە خۆپیشاندانەکانیش، حکومەتی ئێران بەردەوامبووە لە هەراسانکردن و دەستگیرکردن و دادگاییکردنی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە نەسرین ستودە و محەمەد نەجەفی و ئەمیر سالار داودی.

لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو دادگایەکی شۆڕش لە تاران بڕیاری دا نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ 6 ساڵ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی کردبوونەوە و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی وڵات "اجتماع و تبانی علیه امنیت کشور" و 2 ساڵی دیکە زیندانی بکرێت و 74 شەلاق "جلد" لێبدرێت بە تۆمەتی کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و تێکدانی سیستەمی گشتی "اقدام علیه امنیت ملی و اختلال در نظم عمومی" . ڕێگە نەدرا بە نێرگز پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە بکات وە لە پشتی دەرگای داخراوەوە دادگاکە بڕیارەکانی لە دژی دابوو. هەرچەندە نێرگز وتبووی پابەندی بڕیاری دادگا دەبێت لە پاش ئەوەی بە هۆی باری تەندروستی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازادکرا. هێزەکانی ئاسایش لە 12 ی مانگی چوار هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کرد و بردیانەوە بۆ زیندانی قرچک، لە کاتێکدا کە هێشتا باری تەندروستی ئاسایی نەببووە لە دوای نەشتەرگەرییەکی دڵ کە لە کۆتایی مانگی دوو بۆی کرابوو.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، ڕێکخراوەکە دەڵێت لە دوای نەورۆزەوە هەتا کۆتایی ساڵ لەسێدارەدانی 306 کەس بە تۆمەتی جیاواز ڕاپۆرت کراوە.

لە بارەی پێشێلکردنی مافی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە ئێران، هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت دەستگیرکردن و سزادانی بەهائییەکان لەسەر تۆمەتی سەیر و ئاڵۆز بەردەوامە و تەنانەت ڕێگەیان پێنادەن لە زانکۆکانی حکومەت درێژە بە خوێندن بدەن. جگە لە بەهائییەکان، موسڵمانانی سونەش جیاوازی لە بەرامبەریان دەکرێت.

کەمینە نەتەوەکانی وەکو ئازەر و کورد و عەرەب و بەلوچ چالاکی ڕۆشنبیری و سیاسییان سنووردارکراوە. بە بەردەوامی چالاکوانانی کەمینەکان دەستگیردەکرێن و بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە دادگایی دەکرێن بە شێوەیەک هەتا ڕادەیەکی زۆر دورە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەردەوامبوون لە سەرکوتکردنی چالاکوانانی سیاسی کورد. دەڵێت لە 28 ی مانگی نۆ سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی کەمینەکان، دەڵێت حکومەتی ئێران ناوچەکانی سیستان و بەلوچستان و کوردستان و خوزستانی پشتگوێ خستووە و سیستیەکی ئابوری ئەو هەرێمانەی گرتووەتەوە، وە بەراورد بە تەواوی ئێران، بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە سیستان-بەلوچستان و کوردستانە.

سەرچاوە/ ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG