Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی ڕەخنەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەکانی ناو ئێران دەبێتەوە


ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودیڕی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکان لە ئێران لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری چالاکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەکانی ناو ئێران دەبێتەوە و ڕەخنەگەران پێیان وایە کە ڕاپۆرتەکە بە پێی پیویست باسی لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان نەکردوە و دەنگی ئەمەریکاش سەرەڕای ئاماژەدان بە کورتەی ڕاپۆرتەکە، بۆ وەڵامی ڕەخنەکان پەیوەندی بەو ڕێکخراوەیەوە کردوە.

"هیومەن ڕایتس واچ " یان چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بە ئاماژەدان بە قەیرانە مڕۆییەکانی ساڵی ڕابردوو، جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی سیستەمی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە بەرامبەر بە پێشێلکارانی مافە مرۆییەکان .

لە ڕاپۆرتی ٧٠٠ لاپەڕەیی ئەم ڕێکخراوەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ئەم مانگە بڵاو کراوەتەوە، دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیاجیای جیهان و لە نێویاندا ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بەشی ئێرانی لە ڕاپۆرتەکەدا بە پرسی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران و سەرکوتکردنی توندوتیژانە و کوشندەی ئەو ناڕەزایەتیانە لەلایە کۆماری ئیسلامییەوە دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوە کردوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە "هێزی کوشندە و لە ڕادەبەدەر" کەڵکی وەرگرتووە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی سەدان چالاکی "بە تۆمەتی ساختە" زیندانی کردووە و لە دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندوون.

ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا، باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر لە 15 هەزار خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە و هەزاران کەسیان لە زیندانە قەرەباڵغەکاندا دەستبەسەرکردووە کە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەشیان لێ زەوتکراوە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆتە ساڵانەکەیدا دەشڵێت هێزەکانی ئاسایش بە کلاشینکۆڤ و دەمانچە و تاپڕ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە و لە 30 ی مانگی نۆ لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و دەیان کەسیان کوشت و بریندارکرد.

حەبیبوڵڵا سەربازی، چالاکوانی دیاری بەلووچ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بۆ ئەمساڵ دەڵێت "ئێمە لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ چاوەڕێ دەکەین کە چاودێری ورد بۆ هەموو ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بکەن" و دەشڵێت "لەوەتای سەرکەوتەکان بە تایبەتی لەم چەند مانگەدا لە بەلووچستان دەستیپێکردوە، ئێمە بە چڕی زۆربەی هەواڵەکانمان ڕاگەیاندوە و لە ناوندە هەواڵی بەناوبانگەکانی دەرەوەش بڵاو بوونەتەوە و بۆیە ڕێکخراوەکان ناتوانن بە پاسای ئەوەی کە ئاگاداری دۆخەکە نەبوون، پێشێلکارییەکان لەو ناوچانەدا پشتگوێ بخەن."

بەرێز سەربازی سەبارەت بە چۆنییەتی ڕاپۆرتەکە گوتی "ئەو ڕێکخراوەیە بەرپرسە سەبارەت بە پشتگوێخستنی ڕووداوەکانی کوردستان و بەلوچستان لە ئێران و دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە هۆکار چییە لە کاتێکدا کە ئێمە ڕووبەڕووی زۆرترین سەرکوت و پێشێلکاریی و کوشتن و زیندانی کردن بووینەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی خێرا و لاوەکی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێکراوە."

ئەو چالاکە دیارەی بەلووچ هەروەها دەڵێت "بۆ ئێمە جێگای قەبووڵکردن نییە کە ڕێکخراوەیەکی گرنگ و بەناوبانگی وەک چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەو شێوەیە و بە بێ خستەڕووی تەواوی ڕاستییەکان لەسەر پێشێلکارییەکان ڕاپۆرتی خۆی ڕابگەیەنێت."

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەر لە خۆپیشاندانەکانیش، حکومەتی ئێران بەردەوامبووە لە هەراسانکردن و دەستگیرکردن و دادگاییکردنی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و ئاماژە بە دۆسییەی نەرگس محەمەدی دەکات و چۆنییەتی دەستگیر کردن و ئەو سزانەی بە سەر محەمەدیدا سەپێندراوە.

حەبیبوڵڵا سەربازی دەڵێت " ئەگەر بە هۆی گرنگیدان بە پرسی ژنەوە ئاماژە بە دۆسییەی خاتوون نەرگس محەمەدی کراوە، ئەمە جێگای رێز و دەستخۆشییە و خاتوون نەرگسیش زوڵمی لێکراوە، بەڵام گەر بابەتەکە ژن بێت لە بەلووچستان فەرماندەی هێزی پۆلیس دەستدرێژی کردە سەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ و بەو هۆیەوە خەڵکی بەلووچ ڕژانە سەر شەقامەکان وکوشتە و برینداری لێکەوتەوە و ئەگەر ئەم بابەتەش بە ئەندازەی دۆسییەی خاتوون نەرگس محەمەدی گرنگی پێنەدراوە و لە ڕاپۆرتەکەدا باس نەکراوە، ئەوا ئەوەمان پیشان دەدات کە ڕوانگەیەکی ناوەندگەرایی بەسەر ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤدا زاڵە و ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا بەدوای ڕاستییەکانەوە نەبووە."

جێی ئاماژەیە کە ئەمەریکا ٨ی مانگی ١٢ سزای بەسەر سێ بەرپرسی ئێراندا سەپاند کە دەستیان لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤدا هەبووە و یەکێک لەو سێ کەسەش ئیبراهیم کوچەکزایی، فەرماندەی هێزی پۆلیسی چابەهاربوو کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی منداڵی بەلووچ.

ڕاپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە بێ ئاماژەدان بە وردەکاری پێشێلکارییەکان لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان و ئازەربایجان و خوزستان ئەنها ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوەکانی وەکوو ئازەری و کورد و عەرەب و بەلوچ چالاکی ڕۆشنبیری و سیاسییان سنووردارکراوە و بە بەردەوامی چالاکوانانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان دەستگیردەکرێن و بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە دادگایی دەکرێن بە شێوەیەک هەتا ڕادەیەکی زۆر دورە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

دەنگی ئەمەریکا بۆ پرسیار لەسەر جیاوازی ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بە بەراورد بە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی، پەیوەندی کردوە بە ڕێبین ڕەحمانی لە ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە.

بەڕێز ڕەحمانی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا گوتی "ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵ جیاوازییەکی ئۆتۆی لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوودا نییە " و گوتیشی " شێوازی کاری ئەو ڕێکخراوەیە لە نووسینی ڕاپۆرتی ساڵانەیدا کەم و کورتی پێوەیە و تەنها شتی گشتی باس دەکەن."

ڕێبین ڕەحمانی گوتیشی "پرسیارەکە ئەوەیە کە شێوەی ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە ساڵانەیە بۆ دەبێت بەو شێوەیە بێت کە زۆر گشتی و خێرا تەنها ئاماژە بە هەندێ لە پێشێلکارییەکان بکات " و دەشڵێت "نازانم ئایا ئەوان سنووردارکراون لە نووسینی ڕاپۆرتەکەیاندا یان لایەنێک دەیەوێت بە ئەنقەست پێشێلکارییەکان ڕانەگەیەنرێت."

شایانی باسە کە بە پێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەوەتای خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردوو بەلایەنی کەم ٤٨١ کەس کوژراون کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە لەو ژمارەیە بەلایەنی کەمەوە ١٢١ کەسیان کورد بوون.

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەڵامی ڕەخنەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ پەیوندی کردوە بە تارا سێپهریفەر، توێژەر لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەو ڕێکخراوەیە.

خاتوون سێپهریفەر کە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و عومان دەکات و ئامادەکاری بەشی ئێران بووە لە ڕاپۆرتەکەدا، سەبارەت بە ڕەخنەکان دەڵێت " شێوازی کاری ئێمە بە شێوەیەکە کە نەمتوانیوە ئاماژە بە پێشێلکاریی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بکەین و ئەوەی لەم دواییانەدا ڕوویدا دەکەوێتە ڕاپۆرتی ساڵی داهاتووەوە."

ئەو دەشڵێت "لەکاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەدا ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ئەو ڕەخنانە بێتە سەرمان و هەر بۆیەش لە دوو ڕاپۆرتی جیاوازدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە، بە وردەکارییەوە هەم باسی بەلووچستانمان کردوە وهەم باسی کوردستان ."

لە ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە کراوە کە لە 28 ی مانگی نۆ سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

ڕاپۆرتەکە هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی کۆمەڵە کە هاوکاتی هێرشەکانی سەر حزبی دیموکرات بووە.

دەنگی ئەمەریکا هۆکارەکەی ئەو پشتگوێخستنەی لە خاتوون تارا، ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە پرسی و ناوبراو لە وەڵامی پرسیارەکەدا گوتی "من لە ڕاپۆرتی خۆمدا ئاماژەم بە کۆمەڵەش کردوە و دیارە لە دوایین پێداچوونەوەدا ئاماژەیان بە کۆمەڵە لە قەڵەم کەوتووە." خاتوون تارا گوتی "ئێمە لە نووسینی ڕاپورتەکەدا هەندێ کۆت و بەندمان لەبەردەمدایە و یەکێک لەو کوت و بەندانە سنوورداربوونی وشەکانە و دەبێت وریا بین چی وشەیەک بەکار دهێنین و زۆریش ڕاپۆرتەکەمان درێژ نەکەینەوە، هەر بۆیەش زۆر جار ناچارین بە شێوەی گشتی ئاماژە بە پێشێلکارییەکان بکەین."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە نیویۆرکە و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمساڵیدا پێداچوونەوەی بۆ دۆخی مافی مرۆڤی نزیکەی ١٠٠ وڵات کردووە، لە بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە ئێران باس لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان دەکاتەوە لەو وڵاتەدا و نووسیویەتی "ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و بڕیارەکانی پەیوەست بە منداڵان و هەروەها یاسای ئێران ڕێگە بە کچانی تەمەن ١٣ ساڵان و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵ دەدات کە هاوسەرگیری بکەن."

XS
SM
MD
LG