Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر بە لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری


ڕۆژی شەممە ١٤ی ئەم مانگە باڵیۆزی ئەمەریکا لە لەندەن لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری بە "ترسناک" ناوبرد و ڕایگەیاند، واشنتۆن سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات.

جین هارتلی ڕۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری هاووڵاتییەکی بەریتانی- ئێرانی لە ئێران ترسناک و جێگای بێزارییە."

پێش ئەمەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتەوە بووە.

هەروەها ڕابێرت ماڵیش نێردەی تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، هاووڵاتی ئێرانی-بەریتانی و بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی بە کردەوەیەک کە "پاڵنەری سیاسی" لە پشتەوە بووە، ناوبرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە لەسێدارەدانەکانی بهێنێت.

ڕابێرت ماڵی ڕۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "بە بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، هاووڵاتییەکی بەریتانی- ئێرانی، تووشی شۆک بووم".

ئەو هەروەها دەشڵێت "دەبێ دەستبەسەرکردنی ناڕەوا، دانپێدانانی زۆرەملێ، دادگاییکردنی گاڵتەجاڕانە و لەسێدارەدانەکان کە پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕابگیرێت."

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، بە کردەوەیەکی"بەربەری" ناوبرد.

سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری کارێکی نەفرەت لێکراو و بەربەرییە و بەم شێوەیەش ناوی ناوبراو دەڕواتە لیستی درێژی قوربانیانی سەرکوت و سزای لەسێدارەدان لە ئێران."

ئەو لە کۆتایی تویتەکەیدا هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی بەریتانیا و ئێران دەربڕی.

بەریتانیش سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکەی ئەکبەری دەکات و ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە "کردەوەیەکی بێبەزەییانە و ترسنۆکانەی ناوبرد کە لەلایەن ڕژێمێکی بەربەرییەوە ئەنجام دەدرێت کە هیچ ڕێزێک لە مافە مرۆییەکانی گەلەکەی خۆیان ناگرێت."

لە یەکەمین هەنگاوی دەستبەجێ دوای لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، بەریتانیا سزای بەسەر داواکاری گشتی ئێراندا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی شەممە ١٤ی ئەم مانگە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاو کراوەتەوە، محەمەد جەعفەر مونتەزەری، داواکاری گشتی ئێران، یەکێک لە کەسایەتییە بەهێزەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە کە بەرپرسی پڕۆسەی دادگاییکردن و سزای لەسێدارەدانی ئەکبەری لە ئەستۆ بووە.

وه زیری ده ڕه وه ی ئه ڵمانیاش له سێداره دانی عه لیره زا ئه کبه ڕی به "کارێکی دیکه ی نامرۆڤانه"ی حکومه تی ئێران ناوبرد.

ئانالینا بێربۆک دەشڵێت "ئێمە لەگەڵ دۆستانی بەریتانیمان وەستاوین و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکی نزیک لە چالاکییەکانمان دژی ڕژێمی ئێران و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین."

عەلیرەزا ئەکبەری هاووڵاتییەکی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانیا بوو کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە سیخوڕی بۆ بەریتانیا تۆمەتبار کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژی شەممە، ١٤ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەکبەری بە تۆمەتی چالاکی لە دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ هەواڵگریی بەریتانیا جێبەجێکراوە و لە سێدارە دراوە.

XS
SM
MD
LG