Accessibility links

لەسێدارەدانی ئێران بۆ هاووڵاتییەکی بەریتانی-ئێرانی لەلایەن بەریتانیاوە سەرکۆنە دەکرێت


دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئێران هاووڵاتییەکی بەریتانی-ئێرانی لەسێدارەداوە کە پێشتر وەک جێگری وەزیری بەرگری وڵاتەکەی کاری کردووە، و بانگەوازەکانی لەندەنی بۆ ئازادکردنی بەلاوە نا دوای ئەوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەریتانیا کە دۆسیەی عەلیرەزا ئەکبەری تەمەن 61 ساڵانی بە پاڵنەرێکی سیاسی ناساندبوو و داوای ئازادکردنی کردبوو، سەرکۆنەی لەسێدارەدانی کرد.

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بە "کردەوەیەکی بێبەزەییانە و ترسنۆکانەی ناوبرد کە لەلایەن ڕژێمێکی بەربەرییەوە ئەنجام دەدرێت و هیچ ڕێزێک لە مافە مرۆییەکانی گەلەکەی خۆیان ناگرن".

ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەری ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە هەواڵی لەسێدارەدانەکەی بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی باس لەوە بکات کە کەی ڕوویداوە. درەنگانی ڕۆژی هەینی، جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو کە ئێران نابێت ئەو سزایە جێبەجی بکات.

پێدەچێت لەسێدارەدان فشاری زیاتر بکات لەسەر پەیوەندییە ئاڵۆزە درێژخایەنەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا کە تێکچووە لەو کاتەوەی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کەوتە بنبەست و لە کاتێکدا تاران ساڵی ڕابردوو سەرکوتکردنی کوشندە لە دژی خۆپیشاندەران دەستپێکرد.

لە تۆمارێکی دەنگیدا کە گوایە لە ئەکبەریەوە وەرگیراوە و ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن بی بی سی فارسییەوە پەخش کراوە، ڕایگەیاندووە کە دوای ئەشکەنجەدانی بەرفراوان دانی بە تاوانەکاندا ناوە کە ئەنجامی نەداوە.

میزان وتی: "عەلیرەزا ئەکبەری کە بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر زەوی و کردەوەی بەرفراوان دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەڕێگەی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری حکومەتی بەریتانیا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا".

لە ڕاپۆرتەکەی میزان هاتووە، ئەکبەری کە لە ساڵی 2019 دەستگیرکراوە، تۆمەتبار کردووە بەوەی پارەی ملیۆنێک و 805 هەزار یۆرۆ و 265 هەزار پاوەن و 50 هەزار دۆلاری بۆ سیخوڕی وەرگرتووە.

سوناک لە تویتەر ڕایگەیاندووە، "لە لەسێدارەدانەکە تووشی شۆک بووە". لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئێمە بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری ئێران دەکەین بۆ ئەوەی بێزاریمان لە کردەوەکانی ئێران ڕوون بکەینەوە."

لێدوانەکانی بەریتانیا سەبارەت بەو دۆسیەیە باس لەو تۆمەتە ئێرانییە نەکراوە کە ئەکبەری لە ساڵی 2019 لە سەری دەستگیرکرابوو کەوا سیخوڕی بۆ بەریتانیا کردووە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاو کردەوە کە بە وتەی خۆیان دەریدەخەن ئەکبەری ڕۆڵی هەبووە لە تیرۆرکردنی زانای باڵای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە لە ساڵی 2020 کە لە هێرشێکی ساڵی 2020دا لە دەرەوەی تاران کوژرا کە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە بە تاوانی ئیسرائیلی دەزانن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەکبەری دانی بە تێوەگلانی خۆیدا ناوە لە تیرۆرکردنەکەدا بەڵام ڕایگەیاندووە کە بریکارێکی بەریتانی داوای زانیاری لەسەر فەخریزادە کردووە.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە لەلایەن بی بی سی فارسییەوە پەخش کراوە، ئەکبەری باسی لەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان دانپێدانانی درۆی کردووە.

کە دەڵێت " زیاتر لە 3500 سەعات ئەشکەنجەدان و مادەی هۆشبەری سایکدەلیک و شێوازی فشاری فیزیۆلۆژی و دەرونی، ئیرادەیان لێسەندمەوە. تا لێواری شێتیان بردم، و ناچاریان کردم بە زەبری چەک و هەڕەشەی کوشتن دانپێدانانی درۆ بکەم".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG