Accessibility links

هۆشداری نوێی ئێران لەسەر حیجابی زۆرەملێ لە نێو ئۆتۆمبێلدا


میدیاکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە بڵاویانکردەوە، پۆلیسی ئێران هۆشدارییەکانی دەستپێکردەوە کە ژنان دەبێت پابەندبن بە حیجابی زۆرەملێ تەنانەت لەناو ئۆتۆمبێلیشدا.

چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک واز لە بابەتی حیجابی زۆرەملێی ژنان ناهێنێت.

فاتمە کەریمی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئەم بابەتە بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها یاسایەک نییە، بەڵکو بنەڕەت و ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی لەسەر سەرکوتکردنی ژنان و حیجابی زۆرە ملێیە. کاتێک ژنێک لە ژێر ئەو چادرە ڕەشە نیشان دەدات ئەمە پێناسەی کۆماری ئیسلامییە، چونکە لەسەر بنەمای ئەم حیجابە زۆر یاسای تریش دانراوە، بۆ نونە جیاوازی ژنان و پیاوان لە نێو بنەماڵە، لە نێو کۆمەڵگە لە زۆر جێگەی تریشدا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ملکەچبێت بۆ لابردنی ئەم حیجابی زۆرە ملێیە کەواتە دەبێت لە زۆر شتی تر پاشەکشێ بکات، و بێگومان ئەو کارە ناکات."

ئاژانسی دەگوباسی فارس ڕۆژی دووشەممە لە زاری بەرپرسێکی پۆلیسیەوە بڵاوی کردووەتەوە " قۆناغی نوێی" بەرنامەی نەزەر-1 لەسەرانسەری ئێران لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێکردووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم بەرنامەیەی کە لە ساڵی 2020 دانراوە تایبەتە بە " ڕەچاونەکردنی حیجاب لە ناو ئۆتۆمبێڵدا."

لەو کاتەی کە پرۆگرامەکە دەستیپێکرد شوفێرە ژنەکان کورتەنامەیان بۆ دەڕۆشت بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە سەرپێچیکردنی بەندەکانی حیجاب لە نێو ئۆتۆمبێلەکان و هۆشداری دەدا لەسەر ڕێکاری "یاسایی" ئەگەر ئەو کارە دووبارە ببێتەوە.

هۆشدارییەکەی پۆلیسی ئێران لەکاتێکدایە کە نارەزایەتییەکانی بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی دروست بوون لە سەرانسەری ئێران هێشتا بەردەوامی هەیە.

خۆپیشاندانەکان لە پاش 16 ی مانگی 9 وە لە سەرانسەری ئێراندا بەردەوامن، دوابەدوای مەرگی ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەی کە لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەسگیرکرابوو.

لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانە نارەزاییەتییەکاندا کە بە شۆڕشی " ژینا" یان " ژن، ژیان ، ئازادی" ناسراوە ژنان لە سەرانسەری ئێراندا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی و ژمارەیەکی زۆری ژنان لە تارانی پایتەخت و شارەکانی تر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران سەرپۆشەکانی خۆیان لادا و قژی خۆیان بڕی.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن بە هەزاران ژن لە سەرانسەری ئێراندا دەستگیر کراون، ئەمە جگە لەوەی بە پێی دواین ئاماری فەرمی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە خۆپیشاندانەکاندا 476 کەس بەدەستی هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژراون لەوانەدا 64 یان منداڵن و 34 یان ژنن.

فاتمە کەریمی دەڵێت ژنان لە ڕۆژی یەکەمەوە دەنگێکی گرنگیان هەبووە و ڕاستە باجێکی گەورەشیان داوە بەڵام دەستکەوتیشیان هەبووە " ئەم شۆڕشە ئەگەر سەرکوتیش بکرێت وەکو شۆڕشەکانی پێشووتر، بەڵام هیچ شتێک جارێکی تر ناگەڕێتەوە وەک جاران. ڕاستە باجەکەی گەوەرەیە زۆر ژن ئێستا گیراون، کوژراون و بریندار بوون، بەڵام ئەگەر سەرکوتیش بکرێت زۆر کاتییە، چونکە کۆماری ئیسلامی چیتر ئەو دەرفەتەی نەماوە، ئەو هێزەی نەماوە کە بەردەوام بێت، مەگەر ئەوەی کە لەگەڵ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ڕێی گفتوگۆ و دانیشتنەوە بە ئەنجامێک بگات، ئەگەینا بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بەردەوام بێت."

پۆلیسی ئاکار، کە لە ئێران بە گەشتی ئیرشاد ناسراوە، ئەرکی ئەوەی هەیە بچێتە نێو شوێنە گشتییەکان و یاسای حیجابی زۆرە ملێ بچەسپێنێت. لە پاش ناڕەزایەتییەکانەوە دەرکەوتنی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی ئەم جۆرە پۆلیسە کەمتر لە کەنار شەقامەکانی تاران دەبینرێت.

لە سەرەتای مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنا لە زاری داواکاری گشتی محەمەد جەعفەر مونتەزەرییەوە بڵاوی کردەوە کە گەشتی ئیرشاد " هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نەماوەو هەڵوەشاوەتەوە"، بەڵام ئەو کاتەش پۆلیسی ئاکاری ئێران پشتڕاستی نەکردەوە.

فاتمە کەریمی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
فاتمە کەریمی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

خاتو کەریمی لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی، ڕاگەیاندنەکە تەنها بۆ چەواشەکاری بووە " ئەو بڕیارە وەکو یاسا دەرنەچووبوو، تەنها چەند کەسێکی سەر بە حکومەت باسیان کردبوو. مەبەست لەمەش وەکو هەموو جارێک کۆماری ئیسلامی دەیەوێت خەڵکی توشی سەرلێشێواوی بکات، هەر جارە ئەڵێن بڕیارێک بە جۆرێکە بەڵام وەکو یاسا هیچی جێبەجێ ناکرێت، تەنها بۆ ماوەیەک خەڵکی پێ سەرقاڵ دەکەن."

بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە ئاستی نێونەتەوەییدا چەندین سزا خراوەتە سەر ئێران نوێترینیان لە کۆتا هەفتەی مانگی 12 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی لە دژی کاربەدەستانی ئێران ڕایگەیاند. هەر لە مانگی 12 دا ئێران لە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ژنان دەرکرا.

ئێران خۆپیشاندانەکانی ناو وڵاتەکەی بە ئاژاوە گێڕی وەسف دەکات و وڵاتانی نەیاری بە هاندانی ئەو خۆپیشاندانانە تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG