Accessibility links

دادگای باڵای ئێران داوای خۆپیشاندەرێک بۆ پێداچوونەوە بە سزای لەسێدارەدانی قبوڵ دەکات


دادگای باڵای ئێران داوای خۆپیشاندەرێکی بۆ پێداچوونەوە بە سزای لەسێدارەدانی قبوڵکرد، کە گوایە لە دەرئەنجامی زیان گەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی بەسەرێدا سەپێندرابوو، دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی هەمان دادگا کردەوە کە بڕیارەکەی دەرکردبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گروپێکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، پێکدادانی زیاتر لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویداوە.

سەهەند نور محەممەدزادە، تەمەن 25 ساڵ، ڕۆژی 4ی مانگی 10، دەستبەسەرکرا و دوای دوو مانگ بە تۆمەتی موحارەبە "شەڕکردن دژی خودا" و هەوڵدان بۆ شکاندنی ڕێڕەوی ڕێگاوبان لە تاران و ئاگربەردان لە شتومەک لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتدا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بە ناچاری دان بە تاوانەکەیدا ناوە و لە دوو هەفتە لەمەوبەر مانی لە خواردن گرتووە.

ئێران پێشتر دوو کەسی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە سێدارە داوە ئەوەی لە مانگی نۆدا دوای گیانلەدەستدانی ژنە کوردی ئێرانی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا کە لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بە جێبەجێنەکردنی یاسای توندی جل و بەرگ بۆ ژنان دەستبەسەر کرابوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران داوای سزای لەسێدارەدان بۆ لانیکەم 26 کەسی دیکە دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا گروپەکە ڕایگەیاندووە، کە وەک هەڵوێستێکە بۆ ترساندنی خۆپیشاندەران.

ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە "دادگای باڵا تانەکەی سەهەند نور محەممەدزادە، یەکێک لە تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە قبوڵکردووە. دۆسیەکەی ڕەوانەی هەمان لقی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کراوە بۆ پێداچوونەوە".

گرووپی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو توندوتیژیی زیاتر ڕوویداوە و لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە جەوانڕوو لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژئاوای ئێران، کەسێک کوژراوە و هەشت کەسیش برینداربوون

گرووپێکی دیکەی مافخوازان بە ناوی "هرانا" ڕایگەیاندووە کە تا ڕۆژی هەینی 508 خۆپیشاندەر لە کاتی نائارامییەکاندا کوژراون کە 69 کەسیان منداڵی کەم تەمەنن.وتیشی کە هەروەها 66 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت 19 هەزار و 199 خۆپیشاندەر دەستگیرکرابن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG