Accessibility links

پێشێلکارییەکانی ساڵی 2022ی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران


ئاژانسی دەنگوباسی هرانا کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، ڕاپۆرتێکی لەسەر مافەکانی مرۆڤی لە ئێران بڵاو کردووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو پیشێلکارییانەی لە ساڵی 2022 لە سەرانسەری ئێران دژ بە مافەکانی مرۆڤ کراون. لە هەمانکاتدا ڕێخراوی هەنگاو بۆ مافەکای مرۆڤیش ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر پێشێلکارییەکانی دژ بە کوردەکان لە ئێران بڵاو کردووەتەوە.

ئاژانسی هرانا دەڵێت بۆ نوسینی ڕاپۆرتە 62 لاپەڕەییەکەی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، پشت بە زانیارییەکان و بەڵگەکانی 13 هەزار و 342 ڕاپۆرتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بەستراوە کە لە 267 سەرچاوەی هەواڵی لە 1ی مانگی 1 ی ساڵی 2022 وە هەتا 20 ی مانگی 12 ی 2022 کۆکراوەتەوە.

ڕاپۆرتەکە باس لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان، منداڵان، زیندانیان و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات و ئاماژەش بەوە دەکات لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی 11 ی ساڵی 2022 دا تۆمار کراوە و کەمترینیش لە مانگی 4 ی ساڵەکەدا بووە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی هرانا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەلایەنی کەم 3 هەزار و 84 خۆپیشاندان لە ئێراندا ئەنجام دراون، لەوانەدا 1 هەزار و 234 لەوانە چەمکی " ژن، ژیان، ئازادی" بوون و هەتا ئێستاش لە سەرانسەری ئێڕاندا بەردەوامە و ئەوانی تریش پەیوەندییان بە کارکردن و سەندیکاکانی کاکردنەوە هەیە.

ئاژانسەکە دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەلایەنی کەم 587 کەس لە ناویاندا 5 کەسی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ لە ئێراندا لەسێدارە دراون. نزیکەی پێنج ملیۆن منداڵ لە خوێندنیان لە دەستچووە و 200 هەزار منداڵیش لە ژێر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیرییان کردووە.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ساڵی 2022دا بەلایەنی کەم 21 هەزار و 150 سزای لێدانی بە قامچی دژ بە هاووڵاتیانی ئێرانی دەرکردووە. بەلایەنی کەم 22 هەزارو 655 کەس بەهۆی دەربڕینی بیروڕایان زیندانی کراون. کۆی 720 ساڵی سزای زیندانی سەپێندراوە بەسەر 665 کەسی کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون.

چاوی واشنتۆن: ئێران 2023
please wait

No media source currently available

0:00 0:40:03 0:00

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش ڕاپۆرتێکی بە تایبەتی لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بڵاو کردووەتەوە کە لە ساڵی 2022 دا دژ بە کوردەکان لە ئێران ئەنجام دراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو لە ماوەی ساڵی 2022 دا بەلایەنی کەم 52 کورد سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکراوە. زیاتر لە 2 هەزار و 212 هاووڵاتی کورد دەستگیرکراون لەوانەدا 100 یان سزای لەسێدارەدان، حکومی زیندان و لێدان بە قامچییان بەسەردا دراوە.

هەنگاو دەڵێت لە ساڵی 2022 دا " 290 کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندارکراون."

سەبارەت بە کوشتنی خەڵکی سڤیل لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەڵێت " 128 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 3 هەزار هاووڵاتی بریندار بوون. 37 هاووڵاتیش بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و 19 بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە."

هەنگاو دەشڵێت 55 کرێکار بەهۆی ڕووداوی نەخوازراوە لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و 163 کرێکاریش لە کارەکانیان دەرکراون.

لە مانگی 9 ی ساڵی 2022 وە خۆپیشاندانی ناڕەزاییەتی لە ئێران بەردەوامە لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکراو و پاشان گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن هێزەکان ئێران بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی کە داوای مافی ئازادی دەکەن، بوونەتەوە.

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران 476 خۆپیشاندەر کوژراون.

XS
SM
MD
LG