Accessibility links

ئێران نوێنەری ئیتالیا بانگ دەکات بۆ سەرزەنشتکردنی ناڕەزایەتییەکان


وەزارەتی دەرەوەی ئێران درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئێران باڵیۆزی ئیتالیای بانگ کردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سیاسەتە "دەستێوەردانگەرییەکان" ، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕۆما پەیوەندی بە نوێنەری تارانەوە کرد سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری وڵات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە "بەردەوامی لێدوان و کردەوەی دەستێوەردانگەرانەی بەشێک لە کاربەدەستانی ئیتالیا لە کاروباری ناوخۆ"ی ئێران بانگهێشتی نێردراوی ئیتاڵی جوزێپی پێرۆنی کرد.

هەروەها وتیشیان: ڕێبازە دوو ستانداردەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تەواوی قبوڵ ناکرێن و ڕەت دەکرێنەوە.

لە ماوەی زیاتر لە 100 ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی ناو وڵاتەکەی، ئێران زیاتر لە دەیان باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوای لەوانە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگ کردووە.

بەڵام دوایین هەنگاوی تاران تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بانگی محەمەد ڕەزا سابووری باڵیۆزی ڕاسپێردراوی ئێرانی کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە وەڵامدانەوەی "قبووڵنەکراو"ی دەسەڵاتدارانی ئێران.

تاجانی دوابەدوای بانگکردنی باڵیۆزی ئێران لە ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئێران دەبێت لە سێدارەدان و سزادانی خۆپیشاندەران ڕابگرێت و کراوە بێت بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.

تاجانی وتی سەپاندنی سزای مەرگ دژی ئەو کەسانەی کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن یاخود ئەو ئافرەتانەی کە ڕەتی دەکەنەوە سەرپۆش بکەن شێوازە سزایەکە کە جێی قبوڵکردن نیە و زۆر ناهاوتای.

وتیشی"حکومەتی ئیتالیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ زامنکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران".

لە ماوەی ڕابردوودا ئێران دوو کەسی لە سێدارەدا، موحسین شیکاری تەمەن 23 ساڵ و مەجید ڕەزا ڕەهناڤاردی تەمەن 23 ساڵ. شیکاری بە تۆمەتی گرتنی شەقامێکی سەرەکی و بریندارکردنی چەکدارێکی هێزی باسیج بە چەقۆ تۆمەتبار کرا. ڕەهناڤارد بە تۆمەتی کوشتنی دوو چەکداری باسیج بە چەقۆ تۆمەتبار کرابوو.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاندووە، نۆ کەسی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

دەزگای هەواڵی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت نزیکەی 18,500 کەس لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون. بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەڵێن زۆربەیان ئازاد کراون.

هەروەها وتیشی تاوەکو 25 ی مانگی دوانزە 507 خۆپیشاندەر کوژراون، 69 هەرزەکارییان تێدا بووە، 66 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیش کوژراون.

دەسەڵاتدارانی ئێران زلهێزە بیانییەکان، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەمەریکا، و هەندێک وڵاتی ئەوروپی، بە وروژاندنی ئاژاوە لە وڵاتەکەیدا تۆمەتبار دەکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG