Accessibility links

بەڕیتانیا داوا لە ئێران دەکات ' دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانەی ' ئەو هاووڵاتیانە ڕابگرێت کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک

ڕۆژی چوارشەممە بەڕیتانیا داوای لە ئێران کرد دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتیانە ڕابگرێت کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران حەوت کەسییان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان بە بەڕیتانیاوە هەبوو، وتی نابێت ئەو کارە بەکاربهێندرێت بۆ دەستکەوتنی " کاریگەریی دیبلۆماسی."

دەزگای هەواڵی سەر بە ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی یەکشەممە سوپای پاسدارانی ئێران حەوت کەسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێران دەستبەسەر کردووە، چەند کەسێکیان دوو ڕەگەزنامەیان هەبووە.

وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەپەلە داوای زانیاری زیاتر دەکەین لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەبارەت بە هەواڵی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بەڕیتانی ئێرانی."

وتی " هەمیشە وتوومانە هەرگیز قبوڵی ناکەین هاوڵاتیانمان بۆ دەستکەوتنی کاریگەرییەکی دیبلۆماسی بەکاربهێندرێن و داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانەی بەڕیتانییەکان و بیانییەکانی دیکە ڕابگرێت."

هەواڵی دەستگیرکردنەکان دوابەدوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران دێت کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا و پەرەیان سەند.

پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەڕیتانیا داوای سەپاندنی سزای نوێی کردووە بەسەر ئەو ڕێکخراو و کەسانەدا کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا.

وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی کاری بەڕیتانیا دەیڤد لامی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕژێمی ئێران خۆپیشاندەرە بوێرەکان دەکوژن و سەرکوتییان دەکەن، کە هەوڵی داهاتوویەکی باشتر دەدەن. دەبێت ئەم دەرباز بوونە لە سزا کۆتایی بێت."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی پێشتر بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە سزایان بەسەر زیاتر لە 40 بەرپرسی ئێرانی و پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەپاندووە.

وتی " بەردەوام دەبین لە لێپێچینەوە لە ئێران لەسەر ئەو توندوتیژییەی کە دژی خەڵکەکەی خۆیان بەکارییان هێناوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG