Accessibility links

سەرۆک جۆو بایدن باس لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی دەکات


Biden
Biden

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی (مدتەرم)، کە کۆنترۆڵی دیموکراتەکانی لە کۆنگرێس خستە گومانەوە هەرچەندە هێشتا چەند کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتیش یەکلا نەبووەتەوە، بە ڕۆژێکی باش بۆ دیموکراسی ناودێرکرد.

سەرۆک بایدن ئێوارەی چوارشەممە ڕایگەیاند " لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دیموکراسیمان تاقیکرایەوە، بەڵام گەلی ئەمەریکا بە دەنگەکانیان جارێکی تر هاتنە دەنگ و سەلماندیانەوە کە دیموکراسی ئەوەیە کە ئێمەین."

سەرۆک بایدن تیشکیشی خستەسەر ئەوەی کە پارتی دیموکراتەکەی لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا باشتر بوو و ڕایگەیاند پاش گەڕانەوەی لە کۆبونەوەی گروپی 20 لە ئیندۆنسیا ڕابەرانی هەردوو پارتی بانگهێشت دەکات بۆ کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی چۆن بتوانن پێکەوە کار بکەن لەسەر ئەرکە سەرەکییەکانی وەکو ئابوری و ئاسایشی نیشتمانی.

جۆو بایدن لە تویتێکیشدا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردووەوە باشترین ئەنجامیان لە هەڵبژاردنەکانی مدتەرمدا بەدەستهێناوە " ئێمە لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو هەڵبژاردنێکی نیوەی خولی سەرۆکایەتی سەرۆکە دیموکراتەکان کەمتر کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانمان لە دەستداوە. باشترین هەڵبژاردنی مدتەرمیشمان بۆ فەرمانڕەواکان هەبووە لەوەتای ساڵی 1986وە.

گەلی ئەمەریکا قسەی خۆی کرد."

لە ئێستادا دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لە سیناتدا هەریەکەو خاوەنی 50 کورسین. بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی سێشەممە دیموکراتەکان توانییان یەکێک لە کورسییەکانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی پێنسلڤانیا ببەنەوە، لە کاتێکدا هێشتا دەنگەکانی هەڵبژاردەنکانی سێ ویلایەت نادیارە ئەوانەش بریتین لە ئەریزۆنا، نێڤادا و جۆرجیا.

لەم خولەی هەڵبژاردندا دەنگ لەسەر 34 کورسی لە کۆی 100 کورسی سینات دراوە و هەروەها هەڵبژاردنێکی تایبەتیش بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کامڵا هێرس ئەنجام درا کە پێش ئەوەی ببێت بە جێگری سەرۆک سیناتۆری کالیفۆرنیابوو.

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش یەکلانەبووەتەوە کە ئێستا بە ڕێژەیەکی کەم لەلایەن دیموکراتەکانەوە کۆنترۆڵکراوە. بەڵام پێدەچێت کۆمارییەکان بتوانن لە کۆی 435 کورسییەکەدا ئەو 218 کورسییە بەدەستبهێنن کە دەیانکات بە زۆرینە. بە پێی دواین ئاماری دەنگەکان کۆمارییەکان تا ئێستا 206 کورسییان مسۆگەر کردووە و دیموکراتەکانیش 183. هەتا ئیستاش دەنگەکانی زیاتر لە 40 کورسی یەکلانەبووەتەوە.

XS
SM
MD
LG