Accessibility links

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی مدتەرم لە ئەمەریکا


چارەنوسی هیواکانی ڕێبازی سەرۆک بایدن بۆ خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دەکەوێتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی کە بە مدتەرم ناسراوە. ئەنجامەکان ئەوە دەیاری دەکەن ئایە دیموکراتەکان دەتوانن زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بهێڵنەوە و هەورەها دەتوانن لە سیناتیش زۆرینە بن یان نا.

بنکەیەکی دەنگدان لە نیویۆرک- 8ی یازدەی 2022
بنکەیەکی دەنگدان لە نیویۆرک- 8ی یازدەی 2022

بە پێی ئەنجامە بەراییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سیناتدا، کە بۆ ئەم خولە دەنگ لەسەر 34 کورسی لە کۆی 100 کورسی سینات دراوە و هەروەها هەڵبژاردنێکی تایبەتیش بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کامڵا هێرس کە پێش ئەوەی ببێت بە جێگری سەرۆک سیناتۆری کالیفۆرنیابوو، کۆمارییەکان هیچ لە کورسیەکانی دیموکراتەکانیان کۆنترۆڵ نەکردووە و دیموکراتەکان یەک کورسی کۆمارییەکانیان بردووەتەوە. هەرچەندە هێشتا دەنگەکانی چەند ویلایەتێک یەکلا نەبووەتەوە بەڵام لە بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کۆمارییەکان 47 کورسییان مسۆگەرە و دیموکراتەکانیش 46 کورسی. هەر لایەنێک کۆی کورسییەکانی بگاتە 51 دەبێتە زۆرینە لە سیناتدا.

لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ بۆ هەر 435 کورسییەکە دراوە و بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کۆمارییەکان هەتا ئێستا 199 کورسییان بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانیش 172. هەر لایەنێکیان ژمارەی کورسییەکانی بگاتە 218 کورسی ئەوا ئەنجومەنی نوێنەران کۆنترۆڵ دەکات.

لە 36 ویلایەتیشدا هەڵبژاردن بۆ فەرمانڕەوای ویلایەتەکان کراوە و هەتا ئێستا ئەنجامەکانی 31 لەوانە ڕاگەیاندراوەن کە کۆمارییەکان 24 ویلایەتیان بردووەتەوە و دیموکراتەکانیش 21.

لە هەڵبژاردنەکانی فەرمانڕەوای ویلایەتەکاندا چەند مێژوویەک تۆمار کراوە. بە پێی ئەنجامە بەراییەکان لە ویلایەتی ماساچوسێتس ماورا هێڵی دیموکرات دەبێتە یەکەم فەرمانڕەوای هەڵبژارێردراوی ژنی ئەو ویلایەتە و یەکەم جاریشە ژنێکی هاوڕەگەزخواز لە ئەمەریکا ببێت بە فەرمانڕەوای ویلایەتێک.

لە ویلایەتی مەریلاند وێس مۆری دیموکرات دەبێت بە یەکەم فەرمانڕەوای رەش پێستی ویلایەتەکە. لە ویلایەتی ئارکەنساش سارا هاکەبی ساندەرزی کۆماریی دەبێت بە یەکەم ژنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە.

دوو بابەت لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بەلای خەڵکەوە گرنگ بوو یەکەمیان بابەتی ئابوری و گرانی و دووهەمیان بابەتی مافی لەباربردن ئەمەش پاش ئەوەی لە مانگی شەشدا دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری ڕۆ ڤی وەیدی بۆ مافی لەباربردن هەڵوەشاندەوە و ئەو بڕیارەی دایەوە دەستی ویلایەتەکان کە دەستبەجێ لە ژمارەیەک ویلایەتدا مافی لەباربردن قەدەغە کرا.

XS
SM
MD
LG