Accessibility links

دواین پەرسەندنەکان لە ئێران: سایتی خامەنەیی هاک دەکرێت، لانیکەم 9 کەس دەکوژرێن


ڕۆژی پێنجشەممە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بە پشتبەستن بە داتا فەرمییەکان ڕایگەیاند لانیکەم 9 خۆپیشاندەری ئێرانی لە پێکدادانیان لەگەڵ پۆلیس کوژراون دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خەڵکی ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕازەیەتی دەربڕین دژی مەرگی ژنێکی تەمەن 22 ساڵی کورد دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی ئێرانەوە.

خۆپیشاندانەکان هەر زوو فراوان بوون و زیاتر لە 13 شاری ئێرانی گرتۆتەوە. بەپێی چەندین ڤیدیۆ کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبۆتەوە و دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت دروستیان پشت ڕاستبکاتەوە، ژنانی ئێران سەرپۆشەکانی خۆیان لەسەر شەقامەکان دەسوتێنن بۆ دژایەتی دەربڕین بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ. هەندێک کەس ئەم خۆپیشاندانانە بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر حکومەتی ئێران دەبینن لە دوای خۆپیشاندەکانی بزووتنەوەی سەوزی ساڵی 2009 ەوە.

داتا نافەرمییەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێن ژمارەی کوژراوەکان زۆر زیاترە لەوەی حکومەت بڵاویکردۆتەوە. بەپێی ئەسۆسیەتی پرێس، تەنانەت بێژەرێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە گوتی لانیکەم 17 کەس کوژراون کە پۆلیسیشیان تێدابووە.

ڕۆژی پێنجشەممە میدیاکان بڵاویان کرەوە کە ئینتەرنێت لە تاران پچڕاوە. لە زۆر شوێنی وڵاتەکەش ئاپەکانی وەکو ئینستاگرام و وەتسئاپ کە خۆپیشاندەران بۆ پەیوەندیکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەکاریان دەهێنان پچڕا بوون. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجشەممە داوای کرد هەرکەسێک "هەواڵ و دەنگۆی ساختەی" بڵاوکردەوە سزابدرێت.

چالاکوانەکان دەڵێن بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانەکان وایکردووە کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە قورس بێت.


لەلایەکی دیکەوە فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکومەتی ئێران زیادیان کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە، گروپی هاککەرانی ناسراو بە "ئەنۆنیمەس" ڕایگەیاند کە وێبسایتی ڕابەری باڵای ئێران عەلی خامەنەییان هاککردووە. ڕۆژی پێشتر سایتی فەرمی حکومەتی ئێرانیان و سەرکۆی ئێران و ئاژانسی هەواڵی فارسیان هاککردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی خۆی بۆ ژنانی ئێران دووپاتکردەوە کە خۆپیشاندان بۆ "مافە سەرەتاییەکانیان" دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، کریستیان ئامانپۆر، پێشکەشکارێکی کەناڵی ناوداری ئەمەریکی CNN کە لە 1995 ەوە ساڵانە دیدار لەگەڵ سەرۆکەکانی ئێران ئەنجامدەدات، لە تویتەر ڕایگەیاند دیداری ئەمساڵی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسی هەڵوەشێندراوەتەوە چونکە ئامادەنەبووە بۆ دیدارەکە لەچک بپۆشێت.

لە پارێزگای زێدی ئەمینی لە باکووری ڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە گوتی چوار خۆپیشاندەر بەهۆی فیشەکەوە کوژراون. لە کرماشان، داواکاری گشتی ڕایگەیاند دوو خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون.

پێدەچێت بەشێک لە خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکانیان کردبێتە ئامانج. میدیا نیمچە فەرمیەکان بڵاویانکردەوە، سێ کەسی سەر بە بەسیج، کە هێزێکی خۆبەخشی سەر بە پاسەوانن، لە شەڕ و پێکدادان لە شارەکانی شیراز، تەبرێز و مەشهەد کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوان کە بەرپرسان دانیان پێدا دەنێن، لانیکەم گەیشتە نۆ کەس لە هەردوولا.

لە شاری مەشهەد، ئاژانسی ئیرنای سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، پۆلیسێک بەهۆی سووتاوی زۆرەوە خەوێندراوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ویستوویانە ئاگری تێبەربدەن.


XS
SM
MD
LG