Accessibility links

لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان لە پەرە سەندندان ئێران کۆتوبەند دەخاتە سەر ئینتەرنێت


بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانەوە لە ئێران وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر مردنی ژینا ئەمینی کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لەدەستدا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆتوبەندی نوێیان خستە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئێستا سەرچاوە فەڕمییەکان دەڵێن لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە کە ڕۆژی شەممە دەستیان پێکردووە حەوت کەس کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو کە گروپێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی کورد، حەوت کەس لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە کوژراون، سێ کەسییان ڕۆژی سێشەممە لە ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران کوژراون کە لەو ناوچانە خۆپیشاندانەکان زۆرتر بوون. بەرپرسانی ئێران ڕەتی دەکەنەوە هێزەکانی ئاسایش خۆپیشاندەرانییان کوشتبێت.

لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکان پەرەیان سەندووە بۆ زیاتر لە 50 شار و شارۆچکە، بەپێی هەنگاو و دانیشتوان و گروپی چاودێریکاری ئینتەرنێت نێتبڵۆک، بەرپرسانی ئێران دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت سنووردار کردووە.

نێتبڵۆک و دانیشتوان دەڵێن دەستڕاگەیشتن بە ئینستگرام سنووردار کراوە، کە تەنها تۆڕی کۆمەڵایەتییە ئێران زۆرجار ڕێگەی پێداوە و ملیۆنان بەکارهێنەری هەیە.

بەکارهێنەرانی وەتسئاپ دەڵێن تەنها توانیویانە نامە بنێرن، نەیانتوانیوە وێنە بنێرن، هاوکات هەنگاو دەڵێت دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە پارێزگای کوردستان ڕاگیراوە، ئەم هەنگاوەی ئێرانیش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدۆییانە دەگرێت لە هەرێمێکدا کە پێشتر بەرپرسانی ئێران خۆپیشاندانی کوردەکانیان تیادا سەرکوت کردووە.

مەرگی ژینا ئەمینی تووڕەبوونی خەڵکەکەی لێکەوتەوە لەسەر کێشەکانی وەکو ئازادییەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و خراپی باری ئابووری ئەو وڵاتە بەهۆی سزاکانەوە. لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا ئافرەتان سەرپۆشەکانیان سوتاند، هەندێکیشیان بە ئاشکرا قژی خۆیان دەبڕی.

خۆپیشاندانەکان بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە پەرەیان سەندووە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەش، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ئاسایش هەوڵی سەرکوتکردنیان بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG