Accessibility links

سەرۆک بایدن: ئێمە لە پاڵ ژنانی ئازای ئێرانداین


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جارێکی دیکە جەختی لە ئیرادەی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، هاوکات گوتیشی لەگەڵ ئەو ژنە ئازایانەی ناو ئێرانداین کە بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن.

جۆو بایدن گوتی"ڕێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."

قسەکانی بایدن لە کاتێکدایە کە پێش وتارەکەی ناوبراو، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک كۆماری ئێران لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند کە وڵاتەكەی تەنیا بە ڕێككەوتنێكی ناوکی ڕازی دەبێت كە سوودی دیار بۆ ئابووری وڵاتەکەی هەبێت.

جۆو بایدن جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پێی باشە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەم ئامانجە بگات.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا شەڕی دەستدرێژکارانەی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا سەرکۆنە کرد و بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕووسیا بە دوای لەناوبردنی مافی سەروەری ئۆکرانیا بەسەر خاکی خۆیدا بووە، گوتی کەس هەڕەشەی لە ڕووسیا نەکردبوو، جگە لە ڕووسیاش کەسی تر بە دوای شەڕ و ململانێدا نەبووە. "

بایدن گوتیشی لە قۆناغێکدا کە جیهان ڕووبەڕووی قەیرانەکانی وەک گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، کێشە ئابوورییەکان، هەڵاوسان و پەتای کۆرۆنا دەبێتەوە، کەچی ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەی بە خۆی داوە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دراوسێی و یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەتۆمی ڤلادیمێر پوتنی بە نابەرپرسانە ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە شەڕی ئەتۆمیدا هیچ لایەنێک براوە نییە.

XS
SM
MD
LG