Accessibility links

پانۆرامای خۆپیشاندانەکان دژی مەرگی ژینا ئەمینی و هەڵوێستی ئەمەریکا و ئێران


میدیاکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، یاریدەدەرێکی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خانمێک کرد کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە گیانی لەدەستدا، هاوکات بەوهۆیەوە چەندین ڕۆژ ناڕەزایی لێکەوتەوە و خامەنەیی بەڵێنی دا کە مافەکانیان پشتگوێ نەخرێن، ئەمەش هەوڵێکی ڕواڵەتییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی پارێزگای سەقزی کوردستانی ئێرانە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە تاران لەلایەن پۆلیسی گەشتی ئیرشاد (پۆلیسی ڕێنوێنی ئاینی) بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای توندی حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر کرا و کەوتە دۆخی بێهۆشی و دواتر گیانی لەدەست دا، ئەمەش تووڕەیی سەرتاسەری وڵاتی لێکەوتەوە و خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵاتداران لە چەندین ناوچەی ئێران بەرپابوو لەوانە لە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکە.

خۆپیشاندانەکان ڕۆژی دووشەممە زیاتر تاویانسەند و لە شار و شارۆچکە کوردنشینەکان خۆپیشاندانەکان چڕبوونەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران سێ كەسی دیکە كوژراون، بەمەش کۆی ئەو خۆپیشاندەرانەی بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون گەیشتە 5 کەس.


ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاستی ئەو ڕاپۆرتە بکاتەوە، هەروەها هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی ئەو کوژراوانە بڵاونەکراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران، بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی پوورزەهابی کە لە لایەن دەزگای هەواڵی دەوڵەتیشەوە بڵاوکرایەوە، ڕۆژی دووشەممە عەبدولڕەزا پوورزەهابی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، سەردانێکی دوو کاتژمێری بۆ ماڵی بنەماڵەی ئەمینی کرد.

پوورزەهابی بە بنەماڵەی ئەمینی وتووە "هەموو دامودەزگاکان ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لەو مافانەی کە پێشێلکراون و بە دڵنیایەوە مردنی ناوبراو کاری لە خامەنەیی کردووە و دڵگران بووە."

پوورزەهابی بە خێزانەکەی وتووە "هیوادارم بەم هاوسۆزییە و نیازپاکی خێزانەکەت، ئەو زەبر و زەنگانەی کە لە کۆمەڵگادا تووشی بووە ڕاست بکرێتەوە". هەروەها گوتیشی "وەک بەڵێنم بە بنەماڵەی خاتوو ئەمینی دابوو دواداچوون بۆ پرسی گیان لەدەستدانی ئەمینی دەکەم تا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی".

بەڵام باوکی چەندین جار ڕایگەیاندووە کە کچەکەی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە قاچەکانی کچەکەی شوێنەواری شینبوونەوە و بەرکەوتنی پێوە دیاربووە. پۆلیسی بە بەرپرسیار زانی لە مردنی کچەکەی.


لە سەرتاسەری شەرمەزارکردنی مەرگی ژینا ئەمینیدا هاشتاگی #MahsaAmini گەیشتۆتە زیاتر لە 3 ملیۆن پرۆفایلی تویتەر.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندان لە چەندین شاردا دەریدەخات، ژنان لەچکەکانیان لادەبەن و خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.

خۆپیشاندەران ڕۆژی دووشەممە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "مەهسا ئەمینی، پشوو بدە لە ئاشتیدا"یان دەوتەوە، بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هەژماری تویتەر 1500تاسڤیر کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەواداری هەیە بڵاویکردووەتەوە کە دەڵێت لە خەڵکەوە وەریگرتووە.

بەپێی ڤیدیۆیەکی دیکە کە لەلایەن 1500tasvir لە شەودا بڵاوکراوەتەوە؛ لە یەکێک لە ناڕەزایەتییە گەورەکانی تاران، خۆپیشاندەران بە جلی ڕەشەوە هاواریان کردووە "ئەی ئەو ڕۆژەی کە چەکدار دەبین".

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەو ڤیدیۆیانە پشتڕاست بکاتەوە.

سانام واکیل لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس گوتی ناڕەزایەتییەکان باس لە "هەستێکی قووڵی توڕەیی جەماوەری دەکەن، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مەرگی زۆر دڵتەزێنانەی مەهسا ئەمینیەوە هەیە، بەڵام هەروەها ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو پرسانەی کە ئێرانی ئاسایی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کە پەیوەندییان بە ئاسایش و ئازادیەوە هەیە".

هەرچەندە ناڕەزایەتییەکان بەرچاو بوون، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد "پێموانییە ئەمە ئاڵنگارییەکی بوونگەرایی بێت بۆ ڕژێم ، چونکە سیستەم لە ئێراندا قۆرخکاری هێزی هەیە، ستراتیژییەکی ئەمنی باش وردەکارە کە لە ئێستاوە جێبەجێی دەکات".


دەستگیرکردنەکان

پارێزگاری تاران خۆپیشاندەرانی بە دەستدرێژیکردنە سەر پۆلیس و وێرانکردنی موڵک و ماڵی گشتی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تۆمەتبار کرد. جێگری فەرماندەی پۆلیسی گیلان ڕایگەیاند، لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئەو وڵاتە، پۆلیس 22 کەسی بە تۆمەتی تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی دەستگیرکردووە.

لە شارە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە 13 شار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبووە و 250 کەسیش دەستگیرکراون.

هەنگاو ناوی سێ کەسی خستەڕوو کە بە وتەی خۆی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سێ شاری جیاوازدا کوژراون، لەنێویاندا زێدی ئەمینی سەقز. هەنگاو گوتیشی کەسێک کە پێشتر بە کوژراو ناسێنراوە لە ڕاستیدا بریندار بووە.

ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە داوای لێپرسینەوەی کرد و گوتی ژینا ئەمینی "دوای برینداربوونی لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی حیجابی زۆرەملێ گیانی لەدەستداوە. هەروەها فەرەنسا سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکەی کرد و ڕایگەیاند "ئەو توندوتیژییانە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی".

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، فەرمان کراوە کە لێكۆڵینەوە ئەنجامبدرێت لەبارەی مەرگە دڵتەزێنەكەی ئەمینی و واشنتۆنی بە "ڕشتنی فرمێسكی تیمساحی" تۆمەتبار كرد.

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی لە بارەی کوژرانی ژینا ئەمینی نووسیویەتی " دەبووا مەهسا ئەمینی ئێستا لە ژیاندا بووایە، بەڵام لە جیاتی ئەوە ئەمەریکا و گەلی ئێران ماتەمینی بۆ دەگێڕن. ئێمە داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بهێنێت بەو سەرکوتکردنە سیستماتیکیەی دژی ژنان، وە ڕێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG