Accessibility links

مەرگی ژنێکی کورد لە ئێران دونیا دەهێنێتە قسە


لە ئاستی باڵادا، سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا مردنی مەهسا ئەمینی (ژینا) یان تۆمەتبارکرد کە لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی ئێرانەوە کوژرا بەهۆی نەپۆشینی لەچکەوە بەو جۆرەی کۆماری ئیسلامی ئێران داوایکردووە.

جەیک سەلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە تویتێکدا سەبارەت بە مردنی ژینا نووسیویەتی، “مردنی ئەو لێخۆشبوونی بۆ نییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێرانی بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ.” سەلیڤان هاشتاگی ناوداری #مەهسائەمینی بۆ تویتەکەی زیادکردبوو.

بەهۆی مامەڵەی پۆلیسەوە لەگەڵ ژینا، ئێران چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیووە. سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسی رۆژی دووشەممە گەیشتە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانە سەرەڕایی داوای چالاکوانانی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای رەئیسی.

رۆژێک پێشتر، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا گوتی، مەهسا ئەمینی "دەبوو ئەمڕۆ لە ژیاندا بووایە." ژینا کچێکی تەمەن 22 ساڵ بووکە لە 13ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی دەستگیرکرا و دوای دوو کاتژمێر لە بارودۆخی کۆمادا گەیاندرایە نەخۆشخانە.

بلینکن دەڵێت، “لەبری ئەوە، ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمینی بۆ دەگێڕن. ئێمە داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکاری سیستماتیکی خۆی بهێنێت لەسەر ژنان و ڕێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات."

چەند ئەندامێکی کۆماری کە دژایەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکەن ڕەخنەیان لە ئیدارەی بایدن گرت.

کلۆدیا تێنی،ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆمارییەکان، گوتی "لە کاتێکدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بە ڤیزەیەک کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێی دراوە، دەگاتە ئەمریکا، گەلی ئەمریکا لەگەڵ ئەو ئێرانییە ئازایانە وەستاوە کە جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دڕندەیی ڕژێم."

هەروەها سیناتۆر تۆم کاتن لە تویتێکدا دژایەتی خۆی بۆ پێدانی ڤیزە بە ڕەئیسی دەربڕیووە.

دەسەڵاتدارانی ئێرانی رەتی دەکەنەوە کە دەستیان لە کوشتنی ژینادا هەبێت. لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کردووە.

نەدا ئەلنەشیف، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت، رۆژی سێشەممە وتی: "مەرگی کارەساتباری مەهسا ئەمینی و تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن دەبێت بەپەلە و بێلایەن و کاریگەر لەلایەن دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کارامەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."

بەهەمان شێوە، یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕی. جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی مردنی ژینی کرد و بە "قبوڵنەکراو" وەسفی کرد. هەروەها داوای لە دەسەڵاتداران کرد سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەرپرسیاربوون لە کوشتنی.

بۆرێل گوتی "زۆر گرنگە دەسەڵاتدارانی ئێران دڵنیابن لەوەی کە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانیان ڕێزیان لێ بگیرێت و ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن هیچ جۆرە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا نەکرێت."



XS
SM
MD
LG