Accessibility links

چەند زانیارییەک لەسەر تەقەکردنی قوتابخانەکان لە ئەمەریکا 


رۆژی سێشەممە نۆزدە منداڵ و دوو مامۆستا لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری یوڤاڵدی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا کوژران.

گرێگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تێکساس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند ئەو چەکدارە تەمەن 18 ساڵە بڕوا وایە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرابێت.

کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆژی سێشەممە لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب کوشندەترین تەقەکردن بوو لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا لەوەتای تەقەکردنەکەی ساڵی 2012ی قوتابخانەی سەرەتایی ساندی هوکی لە شاری نیوتاون لە ویلایەتی کنێتیکەت. لەو هێرشەدا، 26 کەس کوژران کە 20یان منداڵ بوون.

هەروەها تەقەکردنەکەی ویلایەتی تێکساس دووهەم تەقەکردنە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا کە تۆمەتبارێکی تەمەن 18 ساڵ تێیدا بەشدارە. ئەو چەکدارەش کە لە 14ی مانگی 5 دا لە سوپەرمارکێتێکی شاری بەفڵۆ لە نیویۆرک تەقەی لە 10 کەسی ڕەشپێست کرد و کوشتنی، تەمەنی 18 ساڵ بوو.

بەپێی زانیارییەکان لەبارەی تەقەکەردنە بەکۆمەڵەکان کە لەلایەن پرۆژەی توندوتیژەوە کۆکراونەتەوە، کە ناوەندێکی توێژینەوەی قازانج نەویستە و بنکەکەی لە شاری سانت پاوڵی ویلایەتی مینەسۆتایە، تێکڕای تەمەنی تاوانبارانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان تەمەنیان 18 ساڵە.

سەنتەرەکە دەڵێت ئەو تەقەکەرانەی تاوانەکانیان لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکان ئەنجام دەدەن، تایبەتمەندی هاوشێوەیان هەیە. توێژینەوەکانی لە ساڵی 1966 تا 2020 دەریدەخەن زۆربەی تەقەکەرەکانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان خوێندکاری کوڕ و سپی پێستن کە حەزیان لە چەکە.

ئابۆت وتی چەکدارەکەی تێکساس دەمانچەیەکی دەستی و لەوانەیە تفەنگێکی بەکارهێنابێت، هەروەها دانیشتووی ناوچەکە بووە.

تا ئێستا هیچ هۆکارێک بۆ تەقەکردنەکان نەزانراوە.

یەکەم تەقەکردنی بەکۆمەڵی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لە سەردەمی تازەدا لە ساڵی 1989 لە حەوشەی قوتابخانەی کلیڤلاند سەرەتایی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕوویدا.

پێنج منداڵ - کە هەموویان پەنابەری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوون - کوژران. 32 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێرشەکە بووە هۆی یەکەم کردەوەی چەکی هێرشبەری لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

XS
SM
MD
LG