Accessibility links

رۆژی تەقەکردنەکە منداڵانی قوتابخانەکەی تێکساس ئاهەنگیان هەبوو


منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب لە شاری یوڤاڵدی ویلایەتی تێکساس دوو ڕۆژی مابوو تا پشووی هاوینیان دەستپێبکات کاتێک کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆژی سێشەممە ڕوویدا.

بەپێی پۆستەکانی ئەم دواییەی پەیجی فەیسبووکی قوتابخانەکە، قوتابییەکان سەردانی باخچەی ئاژەڵانیان کردبوو و بەشدارییان لە پێشانگایەکی بەهرەمەندانیان کردبوو. ڕۆژی سێشەممە، بەپێی ساڵنامەی قوتابخانەکە، ڕۆژی خەڵات دابەشکردن بوو. خوێندکاران بانگهێشت کرابوون بە جلوبەرگی جوان و پێڵاوی سەرنجڕاکێشەوە بڕۆن.

بەڵام لە کاتژمێر 11:43 خولەکی بەیانی، تێبینییەک لە پەیجی فەیسبووکی قوتابخانەکە بڵاوکرایەوە: "تکایە بزانن لەم کاتەدا قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب داخراوە بەهۆی تەقەکردنێک لە ناوچەکە. خوێندکاران و کارمەندەکان لە نێو باڵەخانەکەدا سەلامەتن".

پاشان پەیامی دووهەم هات: "تەقەکەرێکی چالاک لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب هەیە. جێبەجێکارانی یاسا [پۆلیس و هێزەکانی دی] لە شوێنەکەن."

کارگێڕانی قوتابخانەکان داوایان لە دایکان و باوکان کرد خۆیان دووربگرن. لەم قوتابخانەیەدا نزیکەی 570 منداڵ لە پۆلی دووەوە هاتا چوار دەخوێنن و 90%یان خەڵکی وڵاتانی ئەمەریکای لاتینن.

بەرپرسان دەڵێن ئەوەی دواتر روویدا دڵهەژێنە: چەکدارێکی تەمەن 18 ساڵ تەقەی لە قوتابخانەکە کرد و 19 منداڵ و کەسێکی گەورەی کوشت.

لە سەراپای جیهانەوە پەیامی هاوسۆزی و پاڕانەوە و توڕەی لەبارەی تەقەکردنێکی دیکەی بەکۆمەڵی ئەمریکا بڵاوکرانەوە.

سوزان ڤاندێرویی دانیشتووی ویلایەتی ئیندیانا لە پەیجی فەیسبووکی قوتابخانەکە نووسیویەتی، "دڵمان بۆ ئەو خێزانانە شکاوە کە بوونەتە قوربانی ئەم خراپەکارییە".

بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکانی ناوچەکە وتی قوتابخانەکە، کە دروشمەکەی بریتی بوو "بژی. فێربە. خۆشت بوێت. سەرکردایەتی بکە،" تا کاتێکی نادیار دادەخرێت.

XS
SM
MD
LG