Accessibility links

ئەمەریکا لە پرسەدایە بۆ کوژرانی 19 منداڵ و دوو کەسی پێگەیشتوو لە قوتابخانەیەکی تێکساس



ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە پرسەدا بوو بۆ دواین کوشتنی بەکۆمەڵی وڵاتەکەیان. ئەمجارە، چەکدارێکی تەمەن هەژدە ساڵ هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتی تەکساس و لانیکەم 19 منداڵ و دوو کەسی گەورەی کوشت. ئەم هێرشە یەکێک بوو لە هێرشە هەرە کوشندەکانی سەر قوتابخانەکان لە مێژووی وڵاتەکەدا.

هێرشەکە لە شارێکی بچووک بەناوی یوڤاڵدی ڕوویدا. دەسەڵاتداران دەڵێن ئەو چەکدارە تەمەن 18 ساڵە سەرەتا لە ماڵەکەیدا تەقەی لە داپیرەی کردووە، دواتر رووداوێکی پێکدادانی ئۆتۆمبیلی لە قوتابخانەکە دروستکردووە. پاشان، چووەتە ناو قوتابخانەکە و دەستی بە تەقەکردن کردووە پێش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بیکوژن.

نەخشەیەک کە شوێنی شاری یوڤاڵدی لە تێکساس نیشان دەدات.
نەخشەیەک کە شوێنی شاری یوڤاڵدی لە تێکساس نیشان دەدات.


بەرپرسێکی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بە کەناڵی CNN وتووە، سەرجەم قوربانییەکان لەنێو یەک پۆلدا بوون، پۆلی چواری قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وتارێکی پڕسۆزدا لە کۆشکی سپی درەنگانێکی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد. لە هەمانکاتدا پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی تەقەکردنە بەکۆمەڵەکان لە ئەمەریکادا هێندە باون و داوای لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد یاسا بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی چەک دەربکەن.

بایدن گوتی "من نەخۆش و ماندووم [لەم هەموو کوشنتنە] دەبێت کارێک بکەین."

پاشان گوتی "بۆچی ئامادەین لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژییەدا بژین؟ بۆچی بەردەوام رێگە دەدەین ئەمە رووبدات؟ بۆ خاتری خودا، کوا بوێریمان؟ بۆ خاتری خودا، کەی رووبەڕووی لۆبی [گروپی فشاری] چەک دەوەستینەوە؟"

دەستبەجێ ڕوون نەبوو ئایا دوایین کوشتنی بەکۆمەڵ کاریگەری لە هەڵوێستی ئەندامە کۆمارییەکانی کۆنگرێس دەکات کە لە ڕابردوودا ڕێگربوون لە دەرکردنی یاسای نوێ بۆ سنوردارکردنی کڕینی چەک.

لانیکەم 10 ئەندامی کۆماری و هەر پەنجا دیموکراتەکە لە سێنات پێویستن بۆ دەرکردنی یاسای نوێ و توندتر بۆ سنووردارکردنی چەک.

XS
SM
MD
LG