Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دوو پڕۆژە یاسای بۆ سزادانی زیاتری ڕووسیا پەسەند کرد


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە کۆی دەنگ دوو پرۆژە یاسای تێپەڕاند کە دەڵێن فشاری زیاتر دەخانە سەر ڕووسیا بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی بۆسەر ئۆکرانیا لە مانگی دوودا.

پڕۆژە یاساکە وا دەکات ئەو فەرمانەی سەرۆک جۆو بایدن سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و گازی سروشتی لە ڕووسیاوە بە یاسا جێبەجێ بکات.

بەر لە جەنگەکە ئەمەریکا تەنیا بڕێکی کەمی وزەی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکرد.

پڕۆژە یاساکەی دیکەش کۆتایی بە بارودۆخی بازرگانی بێلاروس و ڕووسیا دەهێنێت و ڕێگە بە بایدن دەدات گومرگی زیاتر بەسەر بەرهەمە ڕووسییەکانی وەک پۆڵا و ئەلەمنیۆم دا بسەپێنێت.

سیناتۆری دیموکرات ڕان وایدن سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی سینات ڕایگەیاند "کۆتایهێنان بە پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکان سزا بەخش دەبن لەبەرئەوەی پوتن ڕووسیای بەتەواوەتی کرد بە دەوڵەتێکی بێزلێکراوە."

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس هەردوو پڕۆژە یاساکە ڕێگە بە گەڕانەوە دەدات بۆ پەیوەندی بازرگانیە سروشتییەکان لەگەڵ ڕووسیا دا لە سایەی "بارودۆخێکی دیاریکراودا."

هەردوو پڕۆژە یاساکە ئێستا دەنێردرێن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە وا چاوەڕوان دەکرێت پەسەندبکرێن.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG