Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت چین ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە ئەگەر پشتیوانی لە جەنگەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا


جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان وتی ئەو سزایانەی سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا دەبێت " تێگەیشتنێکی باش " بداتە چین لەسەر ئەو دەرەنجامانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر لەڕووی ماددییەوە پشتیوانی لە مۆسکۆ بکات.

شێرمان وتی ئەو سزایانەی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا سەپێندراون بەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و ئابووری ڕووسیا و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتەدا، دەبێت وەکو نموونەیەک بێت بۆ سەرۆکی چین شی جین پینگ.

شێرمان لەبەردەم نوێنەرانی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا وتی " پێم وایە سزاکان تێگەیشتنێکی باش دەدەن بە سەرۆک شی لەسەر ئەوەی چی دێتە سەر ڕێگەکەی ئەگەر لەڕووی ماددییەوە پشتیوانی لە پوتن بکات."

وتیشی " پەکین دەبێت وانە ڕاستەکان " وەربگرێت لەو وەڵامدانەوە یەکگرتووەی ڕۆژئاوادا لەسەر ئۆکرانیا، دەبێت تێبگات هەر جووڵەیەکی چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تایوانی دیموکراتخواز لەڕێی هێزەوە جێی قبوڵکردن نابێت.

وتیشی " هیوادارین چین لەوە تێبگات هەر جۆرە کارێکی لەوشێوەیە ڕووبەڕووی وەڵامێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، نەک تەنها لە ئەمەریکاوە."

چین ڕەتی کردۆتەوە کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەرکۆنە بکات یاخود بە داگیرکاری ناوی ببات، هەروەها ڕەخنەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا گرتووە بۆ سەر ڕووسیا.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕووسیا و چین پەیوەندییەکانی نێوانیان نزیکتر کردۆتەوە، لە مانگی دووشدا هاوبەشی و پەیوەندییەکی " بێ سنوورییان " لە نێوان دوو وڵاتەکەدا ڕاگەیاند.

شێرمان وتی ئاماژەکان دەریدەخەن چین " بێزار " بووە سەبارەت بە نزیکییەکەی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەش بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی لاشە مردووەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا کە لەنزیکەوە بە فیشەک کوژراون.

وتی " مەبەستم ئەوە نیە چین ڕووسیا وەکو هاوبەشی خۆی سەیر ناکات. من ساویلکە نیم. بە هاوبەشی خۆیان سەیری دەکەن، بەڵام بە ئاشکراش وتوویانە پەیوەندییەکانیان هاوپەیمانێتی نیە."

لە مانگی سێدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا هۆشداریدایە سەرۆکی چین شی جین پینگ و وتی ئەگەر چین لە ڕووی ماددییەوە پشتیوانی لە ڕووسیا بکات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ڕۆژئاوا یاخود یارمەتی سەربازیی بدات ئەوا " ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان " دەبێتەوە.

دواتر سەرۆک بایدن وتی چین دەزانێت داهاتووی ئابوورییەکەی بە ڕۆژئاواوە بەستراوەتەوە نەک ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG