Accessibility links

بەڕیتانیا خەڵوزی ڕووسیا قەدەغە دەکات و سەرمایەکانی سبیربانک سڕ دەکات


بەڕیتانیا سەرمایەکانی گەورەترین بانکی ڕووسیا ( سبیربانک )ی سڕکرد و وتیشی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسیاش قەدەغە دەکات، ئەمەش لەچوارچێوەی کۆمەڵێک سزای نوێی ڕۆژئاوادا کە مەبەست لێیان " پەکخستنی ئامێری جەنگەکەی پوتنە."

سزاکانی بەڕیتانیا هەشت دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی دیکەی ڕووسیای کردە ئامانج کە لە پیشەسازییەکانی نەوت و گاز و بارهەڵگرەکان و ئەڵماسدا چالاکن.

هەروەها وەبەرهێنانەکانی ڕووسیاش قەدەغە دەکات، کە لە ساڵی 2020 دا بەهاکەی گەیشتە 11 ملیار یۆرۆ، هەروەها هەناردەکردنی ئامێرە سەرەکییەکانی پاڵاوتنی نەوت و کاتالیستەکان لە بەڕیتانیاوە بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکات.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی " نوێترین ڕێوشوێنەکانمان کۆتایی بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسی دەهێنێت و سزای زیاتر بەسەر کەس و لایەن و کارەکانی ڕووسیادا دەسەپێنێت، ئامێری جەنگەکەی ڕووسیا پەکدەخەن."

وتیشی " پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا پیشانی دەسەڵاتدارە ڕووسییەکانی دەدەین کە ناتوانن خۆیان پاک بکەنەوە لەو کارە دڕندانانەی کە بە فەرمانی پوتن ئەنجامییان داون."

ئەمەش پێنجەمین جارە بەڕیتانیا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، هەروەها وەکو وەڵامێکیش بوو بۆ کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا.

بەڕیتانیا وتی سڕکردنی سەرمایەکانی سبیربانک بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ئەمەریکادا، ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند بەتەواوەتی بانکەکە قەدەغە دەکات، هاوکات یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردووە هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسیا قەدەغە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG