Accessibility links

نەمسا چوار دیپلۆماتی ڕوسی دەردەکات


وڵاتی نەمسا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند چوار دیپلۆماتکاری ڕووسی دەردەکات دوابەدوای دەرکردنی ئەندامەکانی دیکەیان لە یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا لە میانەی تاوسەندنی تووڕەیی بەرامبەر شەڕی ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند که پێویست بوو باری دیپلۆماسی سێ ڕووسی له باڵوێزخانەی ڤیەننا و یەکێکیش لە کونسوڵگەری گشتی شاری ساڵزبۆرگی ڕۆژئاوا پوچەڵ بکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو کەسانە چەند کارێکیان ئەنجامداوە کە لەگەڵ باری دیپلۆماسی خۆیاندا ناگونجێت و بۆیە بە نەخوازراو لە قەڵەم دەدرێن."

هەروەها وەزارەتەکە دەشڵێت ئەو چوار دیپلۆماتە تا 12ی مانگی 4 مۆڵەتیان هەیە وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

نزیکەی 200 دیپلۆماتکاری ڕووسی لە ڕۆژی دووشەممەوە لە سەرتاسەری یەکێتی ئەوروپا دەرکراون.

ئەو دەرکردنانە بە تۆمەتی سیخوڕی یان "لەبەر هۆکاری ئاسایشی نیشتیمانی" ئەنجامدراون، هاوکاتی شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی کوشتارەکان لە شارۆچکەی بوچای نزیک لە کیێڤی پایتەخت دوابەدوای کشانەوەی سوپای ڕووسیا دەیان تەرمی تێدا دۆزرایەوە، ئەم هەنگاوانە گیراونەتە بەر.

مۆسکۆ تۆمەتەکانی رۆژئاوا سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی هێزەکانی ڕەتکردەوە و ئاماژەشی بە ئەوە دەدات کە ئەو وێنانە ساختەن یان دوای کشانەوەی هێزەکانیان ئەو کوشتارە ڕوویداوە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا ئەلێکساندەر شالنبێرگ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە ئەو پێیباشترە لە ئاستی یەکێتی ئەوروپادا گفتوگۆ بکات لەسەر دەرکردنی هەر دیپلۆماتکارێک بۆ ئەوەی ببێتە مایەی هەڵوێستێکی هاوبەش.

وڵاتەکەی زنجیرە چیاکانی ئەلپ کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نۆ ملیۆن کەسە، واتە نەمسا میوانداری چەندین ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکات و لە ئێستادا نزیکەی 290 دیپلۆماتکاری باوەڕپێکراوی ڕووسیا لەوێن.

لە ساڵی 2018دا نەمسا دوای گرتنەبەری ئەو ڕێوشێنانە نەکەوت کە ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا هەستان بە دەرکردنی دیپلۆماتکارە ڕووسییەکان وەک هەڵوێستێک دژی ژەهراویکردنی سیخوڕی پێشووی ڕووسیا سێرگێی سکریپال لە بەریتانیا و جەختی لە بێلایەنی خۆی کردەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG