Accessibility links

ئۆکرانیا داوای چەکی زیاتر دەکات


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا، بڕۆکسل، بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا، بڕۆکسل، بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ

ئۆکرانیا داوای لە دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کرد ناوچەکانیان جێبهێڵن تاوەکو دەتوانن، هەروەها داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد چەک بنێرن، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشانەوە و خۆیان ڕێکخستۆتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە تاوەکو ئێستا شەش هەفتەی خایاندووە شکستی هێناوە لەوەی هیچ شارێکی گەورەی ئۆکرانیا بگرێت، لە ئێستادا ڕووسیا سەنگی خستۆتەسەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا لە بڕۆکسل داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد چەکی زیاتر بدەن بە وڵاتەکەی تاوەکو بتوانێت ڕێگە لە کردەوە دڕندانەکانی ڕووسیا بگرێت.

کوڵێبا لە کاتی گەیشتنیدا بۆ بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ بەمەبەستی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆدا سەبارەت بە پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، وتی " ئەجێنداکەم زۆر سادەیە، چەکە، چەکە، چەکە."

وتی " هەتاوەکو چەکی زیاتر وەربگرین و هەتاوەکو زووتر بگەنە ئۆکرانیا، خەڵکی زیاتر ڕزگار دەکرێن."

هەندێک لە وڵاتانی ناتۆ لەوە دەترسن ببنە ئامانجی دواتری ڕووسیا، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە خۆی بەدوورگرتووە لەوەی کارێک بکات کە وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە بخاتە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیادا. بەڵام سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە چەکی زیاتر بنێرن بۆ ئۆکرانیا، نەک تەنها چەکی بەرگری.

وتی " ئۆکرانیا شەڕێکی بەرگریکردن دەکات، لەبەر ئەوە ئەم جیاکارییەی کە لەنێوان چەکی بەرگری و چەکی هێرشکردندا دەکرێت لەڕاستیدا هیچ مانایەکی نیە."

وڵاتانی ڕۆژئاوا چەکی دژە تانک و چەکی دژە فڕۆکەیان داوە بە ئۆکرانیا، بەڵام هێشتا دوودڵن لەوەی فڕۆکەی جەنگی یاخود تانک بدەن بە ئۆکرانیا، یاخود هەر چەکێکی دیکە کە پێویستی بەوە بێت هێزەکانی ئۆکرانیا مەشقیان پێبکرێت لەسەری تاوەکو بتوانن بەکارییان بهێنن.

کوڵێبا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی وڵاتەکەی چیتری دەوێت، وتی فڕۆکە و موشەک و ئوتومبێلی زریپۆش و سیستمی بەرگری ئاسمانی.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ڕووسیا سەرجەم 24,000 سەربازەکەی لە دەوروبەری کیێڤ و چێرنیهیڤەوە لە باکوور کشاندۆتەوە و ڕەوانەی بێلاڕووس یاخود ڕووسیایان کردوون تاوەکو خۆیان ڕێکبخەنەوە، ڕەنگە ئامادەکاری بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕکردن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئۆکرانیاش ئامادەیە بۆ شەڕکردن.

وتی " شەڕ دەکەین و ناکشێینەوە. هەوڵی هەموو بژاردەکان دەدەین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان تاوەکو ڕووسیا دەست دەکات بە بیرکردنەوەیەکی جددیی لە ئاشتی. ئەمە خاکی ئێمەیە. ئەمە داهاتووی ئێمەیە. ئێمەش دەستبەردارییان نابین."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG