Accessibility links

هەزاران کەس لە ناوچەکانی ئۆکرانیا گواستراونەتەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی 5000 کەس لەو ناوچانەی ئۆکرانیادا گواستراونەتەوە کە شەڕییان تێدایە.

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێرێشچوک وتی 1,171 کەس لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو گواستراونەتەوە، 2,515 کەسیش شارەکانی بێردیانسک و مێلیتۆپۆڵ و ناوچەکانی دیکەی باشووری ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

وتیشی 1,206 کەسی دیکەش لە هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گواستراونەتەوە.

ڤێرێشچوک و بەرپرسانی دیکەی ئۆکرانیا داوایان لە دانیشتوانی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە ناوچەکانیان جێبهێڵن تاوەکو دەتوانن، ئەوەش لە ترسی هێرشی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن دانیشتوانی دۆنێتسک و لوهانسک دەبێت بگوازنەوە بۆ هەرێمە پارێزراوەکانی دیکە.

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسک پاڤلۆ کیریلێنکۆ وتی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە لانی کەم 5 هاوڵاتی مەدەنی لە دۆنێستک کوژراون و هەشت کەسی دیکە برینداربوون.

زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون، زیاتر لە 4 ملیۆنیان لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون و ئەوانی دیکە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG