سەرۆک جۆو بایدن هۆشداری دا سەبارەت بەوەی کە ڕووسیا دەتوانێت هێرشی ئینتەرنێتی لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدات، یانیش چەکی بایۆلۆجی یان کیمیایی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیک دەبێتەوە لە مانگێک.
بایدن درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بە کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی بازرگانی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا باوەڕی نەدەکرد ڕووبەڕووی یەکڕیزییەکی لەوجۆرە ببێتەوە لە دژایەتیکردنی کردەوەکانی ڕووسیا و "گەیشتۆتە بنبەست."
بایدن گوتیشی "ئەو ئێستا باسی بەرزکردنەوەی ئاڵا چەواشەکارییە نوێکانی دەکات کە بەرزیکردۆتەوە، بەمە دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە ئەمەریکا، ئێمە چەکی بایۆلۆجی و کیمیاییمان لە ئەوروپا هەیە، بە ڕاشکاوی ئەمە ڕاست نیە." هەروەها ئەوان باس لەوە دەکەن کە ئۆکرانیا خاوەنی چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی بێت لە ئۆکرانیا ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەو بیر لەوە دەکاتەوە کە هەردوو چەکەکە بەکاربهێنێت."
هەروەها بایدن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە "زانیاری پێشکەوتووی هەواڵگیریان" لەلایە کە حکومەتی ڕووسیا " بژاردەی ئەگەری هێرشی ئینتەرنێتی لە دژی ئەمەریکا لە وەڵامی سزاکانی ئەمەریکادا بگرێتەبەر و داوای لە کەرتی تایبەت کرد کە دەمودەست بەرگری ئینتەرنێتی بەهێز بکەن.
ڕووسیا هۆشدارییەکەی بایدنی ڕەتکردەوە، وتەبێژی کرێملن دیمیتری پیسکۆف ڕۆژی سێشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ڕووسیا "لەسەر ئاستی دەوڵەت بەشداری لە کردەوەی چەتەگەریدا ناکات."
بە پێی کۆشکی سپی و بەپێی لێدوانەکانی ڕێبەرانی ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە گفتوگۆیەکی تەلەفونیان ئەنجامداوە و تێیدا باسی نیگەرانییەکانیان کردووە سەبارەت بە تاکتیکە دڕندەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئۆکرانیا لە ڕێگەی یارمەتی ئاسایشی و مرۆییەوە دووپاتکردۆتەوە، هەروەها پشتیوانی دەسپێشخەری ئەم دواییانەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کردووە کە هەوڵەکانی ئۆکرانیایە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
هەر لەم هەفتەیەدا بایدن بەشداری دەکات لە کۆبونەوەیەکی لوتکەیی هاوپەیمانی ناتۆ و کۆبوونەوەی گروپی 7 وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان و هاوکات بەشداریش دەکات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپا لە برۆکسل. هەموو کۆبوونەوەکان سەرنجیان خستۆتەسەر بارودۆخی ئۆکرانیا.
دانوستانەکان
پیسکۆف ڕۆژی سێشەممە گوتی ڕووسیا هیوادارە وتووێژەکان "چالاک و بابەتیانە" بێت لەگەڵ ئۆکرانیادا.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە بە تەلەڤیزیۆنی ناوخۆی ڕاگەیاند کە ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک پرس بکات لەگەڵ پوتن و هەروەها پابەدبوونی ئۆکرانیا بە نەچوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی یەکلایکەرەوە.
زیلینسکی گوتیشی "ئەمە چارەسەرێکی نێوەندگیرانەیە بۆ هەمووان، بۆ ڕۆژئاوا کە نازانێت چیمان لەگەڵ بکات سەبارەت بە پەیوەندی بە هاوپەیمانی ناتۆوە و خواستی ئۆکرانیا گەرەنتی ئاسایشیە و ڕووسیاش فراوانبوونی زیاتری ناتۆی ناوێت."
پێشتر زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو کە گەلی ئۆکرانی لە ڕیفراندۆمێکدا دەنگ دەدەن لەسەر هەر جۆرە لەبەردانواندنێک بۆ ڕووسیا بۆ گەیشتن بە کۆتایی پێهێنانی ئەو شەڕە.
تاوانی جەنگ
پنتاگۆن ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ڕووسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا تۆمەتبارکرد.
جۆن کێربی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بەدڵنیاییەوە بەڵگەی ڕوون دەبینین کەهێزەکانی ڕووسیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن و ئێمە هاوکاریش دەبین بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەو بارەیەوە.
هەروەها کێربی هێزەکانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر هاوڵاتیان" کە زۆرجار "بەدەستی ئەنقەست" بوون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاوەڕێی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە لە ئارادایە و بەشداری لەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە سەبارەتن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هێشتا سەربازانی ڕووسیا نزیکەی 15 کیلۆمەتر دوورن لە باکوری ڕۆژئاوای کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو "وەک ئەوەی ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ کردووە هێشتا ڕووسیا هیچیان بەدەستنەهێناوە، ئەوان ناوەندەکانی دانیشتوانیان کردۆتە ئامانج بۆ ئەوەی بتوانن ئۆکرانیا داگیربکەن و کۆنتڕۆڵی بکەن." و "هەوڵێکی نیمچە بێهودەیە لەلایەن ڕووسەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی هەندیک دەستکەوتی لەشکری."
قەیرانی مرۆیی
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند زیاتر لە 3 ملیۆن 500 هەزار کەس هەر لەر دەستپێکردنی داگیرکاری ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون.
زیاتر لە 2 ملیۆن و 100 هەزار پەنابەر ڕوویان لە پۆڵەندا کردووە و 543 هەزار پەنابەریش بۆ ڕۆمانیا و 368 هەزار پەنابەر بۆ مۆڵدۆڤا و 318 هەزار پەنابەریش چوون بۆ هەنگاریا.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست بە دانیشتنێکی تایبەت و دەستبەجێ بکات سەبارەت بە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارێک کە لەلایەن فەرەنسا و مەکسیکەوە ئامادەکراوە و دووبارە داوای وەستانی دەستبەجێی هێرشە داگیریکارییەکانی ڕووسیا دەکەن.
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا