Accessibility links

ئەمەریکا و بەڕیتانیا گفتوگۆکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان دەستپێدەکەن


بەرپرسانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا دەستیانکرد بە گفتوگۆکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان، تیشکیان خستەسەر هاریکارییەکانی نێوانیان لەکاتێکدا کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا فشارەکانی سەر ڕووسیا زیاتر دەکەن بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا، هەروەها زیادکردنی فشارەکانی سەر چین کە ڕەتی دەکاتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات.

گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا دوو ڕۆژ دەخایەنن و لە باڵتیمۆر بەڕێوەدەچن.

نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا کاثرین تای وتی دوو هاوپەیمانەکە ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە کۆمەکییەکانی فڕۆکە و خزمەتگوزاری باجی دیجیتاڵ چارەسەر کردووە، لە ئێستاشدا لەنزیکەوە پێکەوە کاردەکەن بۆ سزادانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەسەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا.

تای لە کۆنفرانسێکدا کە کۆمەڵێک بەڕێوبەری جێبەجێکار و بەرپرسانی بازرگانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا ئامادەی بوون وتی " لە شەڕی نێوان دیبلۆماتی و دیکتاتۆریدا، دیموکراتخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەم ساتەدا زیاد بوون و جیهان بە ئاشکرا لایەنی ئاشتی و ئاسایش هەڵدەبژێرێت، لەبەر ئەوە هیچ کات لە ئێستا گرنگتر نەبووە بۆ ئێمە پێکەوە کاربکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ نزیکترین هاوپەیمانەکانماندا، وەکو بەڕیتانیا."

تای وتیشی بەرپرسانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هەوڵی ئەوە دەدەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی بازرگانی نێوانیان دەستنیشان بکەن و ڕێگەیەک بگرنەبەر بۆ " بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابوورییەکی کراوە بۆ دانیشتوانی بەڕیتانیا و ئەمەریکا."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن یەکێک لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا بریتییە لە هەماهەنگیکردن بۆ فراوانکردنی پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ژینگە و گەشەپێدانی ئابوورییەکانیان و پشتیوانیکردن لە یەکسانی ڕەگەز و نەژادەکان.

وەزیری بازرگانی ئەمەریکا ئان ماری تریڤیلیان وتی بەڕیتانیا هەوڵی ئەوە دەدات " پەیوەندییەکی نزیکتری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان دوو وڵاتەکەدا دروست بکات، چونکە ئێمە کارێکی زۆر لەگەڵ یەکتردا دەکەین کە هیچ دوو وڵاتێکی دیکە لە جیهاندا بەوشێوەیە پێکەوە کارناکەن."

تریڤیلیان وتی دوو وڵاتەکە لە گفتوگۆکانی دیکەدا " بەرەوپێشچوونێکی باشیان کردووە " لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا سەبارەت بە باجی گومرگی سەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەمەریکی، ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم گفتوگۆ بەرفراوانەکانی ئەم هەفتەیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG