Accessibility links

ڕووسیا: پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەمەریکا نزیکن لە ڕووخان


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمەریکا جۆن سۆلیڤانی کردووە تاوەکو پێی بڵێت لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەبارەت بەوەی پوتن " تاوانباری جەنگە " پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی خستۆتە سەر لێواری ڕووخانەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پوتن " تاوانباری جەنگە " لەسەر ئەوەی هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو جۆرە قسانە لە سەرۆکی ئەمەریکاوە قسەیەک نین دەوڵەتمەدارێک بەو پلە بەرزەوە بیکات، پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکاشی خستە سەر لێواری پچڕانەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا کرێملن وتی ئەو جۆرە لێدوانانە " سوکایەتییەکی تایبەتییە " دژی پوتن.

وەزارەتەکە بە سۆلیڤانیشی وتووە کردەوە دوژمنکارییەکان دژی ڕووسیا " ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە " دەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئەمەریکای لەلایەن ڕووسیاوە پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێم ئێس ئێن بی سیدا وتی بەیاننامەکەی ڕووسیا " پیشانی دەدات سەرۆکی پوتن چەند نائومێد بووە."

لە 24 ی مانگی دوودا ڕووسیا هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کرد و داگیرکارییەکەی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێر کرد، وتیشی مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکەی لەناوبردنی نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ناو ئۆکرانیا و داماڵینی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە.

هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕووسیا بوونەتەوە و ڕۆژئاواش سزای ئابووری توندی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی ڕووسیا تاوەکو هێزەکانی لەناو ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG