Accessibility links

کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا هیچ ئەنجامێکی نەبوو


کاربەدەستانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە لە تورکیا کۆبونەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ئاگربەستێک لەسەر کێشە مرۆییەکان. ئەمە یەکەم کۆبونەوەی ئاستی وەزیران بوو لەوەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستیپێکردووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤرۆڤ و هاوشانە ئۆکرانییەکەی دمێترۆ کۆڵێبا لە پەراوێزی کۆڕی دیپلۆماسی لە هاوینەهەواری ئەنتاڵیای تورکیا کۆبونەوە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵوش بەشداری کۆبونەوەکەی کرد.

کۆڵێبا گوتی "هیچ پێشوەچوونێک" نەهاتووەتە دی تەنانەت بۆ ئاگربەستێکی 24 کاتژمێریش. ئەو نائومێدی دەربڕی و گوتی " وادیارە بڕیاردەرانی دیکە لە ڕووسیا لەمبارەیەوە بڕیار دەدەن."

ئەو بەڵێنەکانیشی دووپاتکردەوە کە وڵاتەکە خۆی نادات بەدەستەوە و گوتی " دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە نەداوە و نادات."

ئەو کۆبونەوەکانی بە "زەحمەت" ناودێرکرد و هاوشانە ڕووسیاییەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی " چیرۆکە تەقلیدییەکانی" لەبارەی ئۆکرانیاوە هێناوەتە سەر مێزی گفتوگۆ.

گوتیشی ئامادەیە جارێکی تریش لەگەڵ لاڤرۆڤ کۆببێتەوە بەم شێوەیە ئەگەر " هیچ چاوەڕوانییەکی بڕیارێکی بەردەوام هەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت."

کاربەدەستانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە بێلاڕووسیش کۆبونەوەیان ئەنجام داوە بەڵام زیاتر بۆ ئەو کۆبونەوانە شاندی ئاست نزم لەلایەن ڕووسیاوە ڕەوانە دەکرێت و هیچ وەزیرێکی تێدا نییە.

لاڤرۆڤ زیاتر جەختی لەو کۆبونەوانە کردەوەو گوتی " کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە کۆبونەوەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە بێلاڕووس هیچ ئالتەرناتیڤێکی نییە."

گوتیشی " ئێمە پشتیوانی لە هەر جۆرە پەیوەندییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئۆکرانییەکان، بەڵام ئەوەی کە هەستمان پێکرد پێویستە بەهای ئەو کۆبونەوانە زیاد بکەن و ڕێڕەوی سەرەکی لە بێلاڕووس بنکۆڵنەکەن."

پێش ئەنجامدانی کۆبونەوەکە هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی تورکیا ئیلنور چێڤیک وتی تەنها ئەو ڕاستییەی کە کۆبوونەوەکە ڕوودەدات، سەرکەوتنێکە بۆ خۆی.

وتی " ئەو ڕاستییەی کە ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان ڕازیبوون بێن بۆ ئەنتاڵیا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ تورکیا. وادیارە تورکیا وەکو نێوەندگرێکی ڕاستگۆ دەناسێنن. لەبەر ئەوە ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوە، نازانین ئەمە بەرەو کوێمان دەبات، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەوە ڕوودەدات، زۆر زۆر گرنگە."

XS
SM
MD
LG