Accessibility links

ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە " دڕندانەییەکەی " ڕووسیا دەکات بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە ئۆکرانیا


وێرانبوونی نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیا
وێرانبوونی نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیا

بەرپرسانی ئۆکرانیا لە ماوەی ڕابردوودا وتیان ڕووسیا بۆردومانی نەخۆشخانەیەکی منداڵانی کردووە لە شاری ماریوپۆڵ و لە ئەنجامدا منداڵان و خەڵکەکە کەوتوونەتە ژێر پاشماوەی نەخۆشخانەکەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ڕووسیای کرد کە لەکاتێکدا بوو مۆسکۆ و کیێڤ ڕێکەوتبوون لەسەر وەستاندنی شەڕ تاوەکو هاوڵاتیانی مەدەنی بتوانن لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو هەڵبێن.

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی شەڕەکە ڕادەگرێت تاوەکو هەزاران هاوڵاتی ئۆکرانی کە لە شارەکەدا گیرییان خواردووە هەڵبێن. بەڵام ئەنجومەنی شارەکە وتی نەخۆشخانەکە چەند جارێک هێرشی موشەکی کراوەتەسەر. هاوڵاتیانی شاری ماریوپۆڵ زیاتر لە هەفتەیەکە بەبێ ئاو و خۆراک لە شارەکەدا گیرییان خواردووە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ کاتێک سەبارەت بە هەواڵی بۆردومانەکە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پرسیاری لێکرا، وتی " هێزەکانی ڕووسیا هێرش ناکەنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان."

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " زۆر تۆقێنەرە کاتێک ئەم جۆرە بەکارهێنانە دڕندانەییەی هێزی سەربازیی دەبینیت بۆ سەر هاوڵاتیانی بێتاوانی مەدەنی لە وڵاتێکی خاوەن سەروەردا."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی تیمەکانی چاودێری ڕێکخراوەکە ژمارەی قوربانیان پشتڕاست دەکەنەوە.

وتەبێژی ڕێکخراوەکە لیز ثڕۆسێڵ وتی " ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکەکان لەو ناوچانەدا کە دانیشتوانی تێدایە، هاوڵاتیانی مەدەنیش لە زۆرێک لە ناوچەکان بەهۆی دوژمنکارییەکانەوە گیرییان خواردووە."

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسک وتی 17 کەس برینداربوون، یەکێکیان ئافرەتێک بووە کە لە کاتی منداڵبووندا برینداربووە. تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەم هەواڵانە پشتڕاست بکرێنەوە.

مانگی دەستکردنی ماکساری ئەمەریکی دەڵێت وێنەکانی ڕۆژی چوارشەممە پیشانی دەدەن زیانێکی زۆر گەورە بەر ماڵ و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و دوکان و ناوەندەکانی بازاڕکردن کەوتوون لە شاری ماریوپۆڵ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG