Accessibility links

تورکیا میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ، ئەنتاڵیا، مانگی شەشی ساڵی 2021
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ، ئەنتاڵیا، مانگی شەشی ساڵی 2021

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کۆڵێبا لە هاوینەهەوارێکی تورکیادا کۆدەبنەوە. ئەنقەرە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤدا هەیە، هەوڵیداوە نێوەندگری بکات لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

کۆبوونەوەکە لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەدەچێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات.

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی تورکیا ئیلنور چێڤیک وتی تەنها ئەو ڕاستییەی کە کۆبوونەوەکە ڕوودەدات، سەرکەوتنێکە بۆ خۆی.

وتی " ئەو ڕاستییەی کە ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان ڕازیبوون بێن بۆ ئەنتاڵیا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ تورکیا. وادیارە تورکیا وەکو نێوەندگرێکی ڕاستگۆ دەناسێنن. لەبەر ئەوە ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوە، نازانین ئەمە بەرەو کوێمان دەبات، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەوە ڕوودەدات، زۆر زۆر گرنگە."

ڕووسیا و ئۆکرانیا پێشتر کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی ئەمجارەیان لە ئەنتاڵیای تورکیا یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان دوو وڵاتەکە دەبێت لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئۆکرانیا دەفرۆشێت و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکی بازرگانی و سەربازی و وزەی باشی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، هەروەها دژایەتی سزا نێودەوڵەتیەکانی کردووە بۆ سەر ڕووسیا.

پڕۆفیسۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆیەکی ئیستەنبوڵ موستەفا ئایدن وتی " لە ڕاستیدا تورکیا شوێنێکی باشە بۆ نێوەندگری، تورکیا پەرەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا داوە لە زۆر ڕووەوە. ئۆکرانیاش لە دوای سەربەخۆییەکەیەوە یەکێک بووە لە نزیکترین هاوڕێ و هاوپەیمانی تورکیا."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، هەوڵیداوە نێوەندگری بکات لە ململانێکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG