Accessibility links

بەڕیتانیا داوا لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی حەوت دەکات هەناردەی سوتەمەنی ڕووسیا قەدەغە بکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس داوای لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی حەوت کرد هەناردەی سوتەمەنی ڕووسیا قەدەغە بکەن، وتیشی کۆمەڵەی حەوت دەبێت " بەخێرایی " بجوڵێت لە سزادانی مۆسکۆدا لەسەر داگیرکارییەکەی دژی ئۆکرانیا.

لیز تڕەس لە پاڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا، یەکگرتوویی هاوپەیمانێتیەکەی دژی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا بەرز نرخاند و وتی بەهێزیی هاوپەیمانێتیەکە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی " توشی سەرسوڕمان " کردووە، وتیشی دەبێت شتی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی داگیرکارییەکەی شکست بهێنێت.

تڕەس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " دەبێت سزاکانمان دوو هێندە بکەین. دەبێت کۆمەڵەی حەوت کۆتایی بە بەکارهێنانی گاز و نەوتی ڕووسی بهێنێت و سەرجەم ئەو بانکە ڕووسییانە قەدەغە بکات کە سیستمی سویفت بەکاردەهێنن."

وتیشی " ئێستا کاتی ئەوە نیە گوێ نەدەین، پوتن دەبێت شکست بهێنێت."

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا لەڕێی قەدەغەکردنی هەناردەی گاز و نەوتی ڕووسییەوە هێرشی کردەسەر دڵی ئابووری ڕووسیا، دواتر کەنەداش هەمان ڕێوشوێنی گرتەبەر و بەڕیتانیاش بەڵێنیدا لەماوەی ساڵێکدا هەناردەی گاز و نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکات.

هێشتا ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەکە، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن بڕیارییان نەداوە ئەو کارە بکەن، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز هۆشدارییدا لەسەر ئەوەی قەدەغەکردنی هەناردەی نەوت و گازی ڕووسی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئاسایشی وزەی ئەوروپا بکەوێتە مەترسییەوە.

بەڵام تڕەس سوور بوو لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتیەکەی ڕۆژئاوا دژی پوتن و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا سوودی هەبووە.

وتی " بە یەکگرتووییمان و توندیی سزاکانمان پوتنمان توشی سەرسوڕمان کردووە."

لەلای خۆیەوە بلینکن وتی " لەڕووی ئابوورییەوە، ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتەبەر 30 ساڵی پێشکەوتنەکانی ڕووسیای بۆ ناو جیهان سڕیوەتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG