پێدەچێت ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵێکی ناسەرکەوتوانەی دیکەی بەرنامە موشەکیەکانی هەڵگری سەتەلایتی هەبووبێت و دووبارە ئەو بەرنامانەی دەسپێکردبێتەوە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە ڕەخنەی لێدەگیرێت.
ئەو هەوڵەی ئێران لە کاتێکدایە کە تاران لە دوا ساتەکانی دانوستانەکانە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا.
وێنەکانی سەتەلایتی Maxar Technologies کە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە بینراون، نیشانە سوتاوەکان لەسەر تەختەیەکی هەڵدان لە فڕۆکەخانەی واڵایی ئاسمانی ئیمام خومەینی لە پارێزگای سمنانی ئێران لە ڕۆژی یەکشەممەدا پیشان دەدات.
لە وێنەکاندا مووشەکێک بە سوتاوی و تێکچووی دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبیلەکانی دەوروبەری گرتووەتەوە.
هەڵدانی مووشەک بە سەرکەوتوویی بە شێوەیەکی ئاسایی زیان بە ژێرەوەی مووشەکەکە ناگەیەنێت، هەروەها ئێران بە گشتی هیچ کاتێک دانی بە هەوڵە ناسەرکەوتووەکانی خۆیدا نانێت و ڕایاناگەیەنێت.
هەندێ وێنەی جیاوازی دیکە لە Planet Labs PBCئەوە پیشانی دەدات کە لەوانەیە هەڵدانەکە لە دوای ڕۆژی هەینیەوە ئەنجام درابێت.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکانی لەو بارەیەوە نەدایەوە، هەروەها سوپای ئەمەریکا و کۆشکی سپییش هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە سەبارەت بەو پرسە.
جێگای ئاماژەیە کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین و یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئامادەبوونی ناڕاستەوخۆی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ڤیەننا لە 10 مانگ بەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامن.
ئامانجی کۆتایی گفتوگۆکانیش گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.