Accessibility links

کاردانەوەی ئێران بەرامبەر هۆشداری ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی


سەعید خەتیبزادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر تاران لەگەڵ ڕێککەوتنەکەدا نەگنجێت ئەوا ئەمەریکا لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە، گوتی ئەو قسانە تەنیا قسەی زل و بێ مانان، گوتیشی ئێران ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام ناتوانێت بۆ هەمیشە چاوەڕێ بکات.

نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە ئەگەر تاران ناتەبایی پیشان بدات لەوانەیە واشنتن لە گفتوگۆکان بکشێتەوە.

پرایس گوتبووی ئەگەر ئێران نەیەوێت بە نیازپاکییەوە بەشداری بکات، ئەوا ئەمەریکا، هاوپەیمان و هاوکارەکانی بژاردەیەکی تر دەگرنە بەر.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، ڕایگەیاندووە فەڕەنسا تێکدەری گفتوگۆکانی ڤیەننایە و نوسیویەتی " فەڕەنسا دەتوانێت هۆکارێکی ڕێکنەکەوتنی گفتوگۆکانی ڤیەننا بێت."

ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدایە کە عەلی باقری کەنی، سەرۆکی دانوستانکاری ئێران کە هەفتەی ڕابردوو بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گەڕابووە بۆ ئێران، لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ ڤیەننا.

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە خوازیاری کۆتایهێنانە بە سزاکان، هەروەها مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنەکەیە و دەشڵێت سوورە لە پاراستنی هێڵە سوورەکانیدا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکایەتی دانوستانەکان بە ڕێبەرایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەڕێوەدەچێت و ئەوان ڕێنمایی پێویستیان داوەتە سەرۆکی دانوستانکاری ئێران لە ڤیەننا.

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین و یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئامادەبوونی ناڕاستەوخۆی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ڤیەننا لە 10 مانگ بەر لە ئێستاوە دەستیپێکردوە و هێشتا بەردەوامن.

ئامانجی کۆتایی گفتوگۆکانیش گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.

XS
SM
MD
LG