Accessibility links

فەرەنسا دەڵێت پێویستیەکی بە پەلە هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ ناوکییەکانی ئێران لەم هەفتەیەدا کۆتایی پێبێت


وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە، 28ی مانگی 2ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، پێویستە لەم هەفتەیەدا بگاتە کۆتایی.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئەن کلێر لێژێندر لە کۆبوونەوەیەکیدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "لە ڕاستیدا پێویستییەکی بە پەلە هەیە بۆ کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان لەم هەفتەیەدا". دەشڵێت ناوبراو وردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە نەخستووەتە ڕوو.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت "زیاتر لە %98ی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بە هاوبەشی نوسراوە". دەشڵێت بەڵام هێشتا ئەمەریکا و ئەوروپاییەکان لەسەر هەڵگرتنی سزاکان، مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنەکە و هەندێک خواستی دیکەی ئێران بڕیاریان نەداوە.

هەروەها جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند بوو کە "ئێمە نزیکین لە ڕێککەوتنێکی گونجاو" هەروەها گوتبووی بەڵام کۆمەڵێک کێشەی زۆر قورس هەیە کە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و بەو پێیەی کە ئێران بە شێوەیەکی خێرا لە بواری ناوکیدا پێشدەکەوێت، کاتێکی زۆر کەممان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێکەوتنێک، گوتیشی زۆرجار قورسترین بەشی دانوستاندنەکان لە بەشی کۆتاییەکەیدایە.

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین و یەکێتی ئەوروپا و هەروەها ئامادەبوونی ناڕاستەوخۆی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ڤیەننا لە 10 مانگ بەر لە ئێستاوە دەستیپێکردوە و هێشتا بەردەوامن.

ئامانجی کۆتایی گفتوگۆکانیش گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.

XS
SM
MD
LG