Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت لوکاشینکۆی هاوپەیمانی پوتن، هێزەکانی بێلاڕووسیا بەرەو ئۆکرانیا بجووڵێنێت


هەواڵگری ئەمەریکا پێشبینی دەکات ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕووسیا، سوپای 48000 کەسی خۆی لە چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژی داهاتوودا بخاتە ناو شەڕی ئۆکرانیاوە بۆ بەهێزکردنی ڕوسیا لە داگیرکردنی ئۆکرانیا.

تاکو ئێستا بێلاڕووسیا وەک جێگایەک بۆ هێرشی هێزەکانی ڕووسیا لە باکوورەوە بۆ ناو کیێڤ بەکارهاتبوو و گۆمان دەکرا تەنها هەندێک هێزی تایبەتی بێلارووسی بەشداری شەڕەکەیان کردبێت، بەڵام لەو ڕووەوە کە هێرشەکەی ڕوسیا، ڕووبەڕووی بەرگریەکی بەهێزتر لەوەی کە کرێملن پێشبینی دەکرت، بووەتەوە و کیێڤ هێشتا بەرنگاری دەکات، هەر بۆیە پێدەچێت ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی داگیرکارییەکەی ڕووو لە هاوپەیمانی دێرینی خۆی بکات.

تێوەگلانی تەواوی بێلاڕووسیا مەترسی ئەوە دروست دەکات کە بەرەیەکی تر لەو جەنگدا بکاتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی بێلاڕووسیا نەک هەر گەمارۆی ڕووسیا لە پایتەختی ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن، بەڵکو هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە باکوری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و ناوەڕاستی ئۆکرایندا هێرش بکەن و لۆڤیڤ بخەنە مەترسییەوە کە تێیدا تاکو ئێستا دەیان هەزار کەس هەڵاتون یان لەوێ گیریان خواردووە و دوو ڕۆژ چاوەڕێن بۆ ئەوەی بچنە پۆڵەنداوە.

ئەو نامانەی بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئەو پرۆژانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرپەرشتی دەکرێن، نێردراون، هۆشداری ئەوە دەدەن کە "شارەکانی ڕۆژئاوا چیتر جێگایەکی پارێزراو نییە" و هەروەها هۆشداری دراوە بە کرێکارانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە هێشتا لە ناو ئۆکرانیادان، بۆ پاراستنی خۆیان پەنا ببەنە گوندە سنوورییەکان، ئەو جێگایانەی کە پێدەچێت پارێزراوتر بن بە بەراوەرد بە شارە گەورەکان کە لەوانەیە ببنە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکان.

سەرۆکی بێلاڕووسیا ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی بەشداری هیچ کردەوەیەکی سەربازی دژی ئۆکرانیا ناکەن، بەڵام لە 24ی مانگی 2، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین ڕایگەیاند کە ئەو ڕازی بووە بە هێشتنەوەی سەربازە ڕووسییەکان لە بێلاڕووسیا و هەر ئەو کاتەش گوتی ئۆکرانیا جەنگەکە دەدۆڕێنێت و پێشنیاری کرد میوانداری گفتووگۆکان بکات بۆ ئاشتی.

هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئەمەریکا لە گەڵ ئاگادارکردنەوەکان کە ڕۆژی یەکشەممە لە لایەن دژبەرانی بێلاڕووسیاوە دەرکرا، ئاماژە بەوە دەکەن کە لوکاشینکۆ خۆی بە تەواوەتی ئامادەکردوە بڕواتە ناو شەڕەکەوە.

نوێنەرانی بیلاورسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕیفۆرمێکی دەستوورییان پەسەندکرد کە ڕێگە بە وڵاتەکەیان دەدات بۆ هەمیشە چەکی ناوەکی وهێزی زەمینی ڕووسیا لەوێ جێگیر بکرێن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بێلاڕووسیا دەڵێت نزیکەی 65٪ ی دەنگەکان، دەنگی ئەرینی بوون بەو گۆڕانکاریانە کە ڕێگە بەڕووسیا دەدات چەکی ناوکی لەو وڵاتەدا جێگیر بکات. سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕووسیا ئەو هەنگاوەیان بە خیانەت ناودێر کرد و دەڵێن لە دەنگەکاندا ساختەکاری کراوە.

جێی ئاماژەیە کە ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕایگەیاند شاندێکی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە سەر سنووری نێوان وڵاتەکە و بێلاڕووسیا تاوەکو دەستبکەن بە گفتوگۆ لەگەڵ شاندێکی ڕووسیادا.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتوە کە مەبەست لەو کۆبوونەوەیە دەستکەوتنی ڕێکەوتنێکی دەستبەجێی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG