Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت بڕیارەکەی پوتن بۆ ئامادەکردنی هێزە ناوەکییەکەی تەکتیکێکی فشارە


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا

ئۆکرانیا دەڵێت بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئەوەی هێزە ناوەکییەکەی ڕووسیا بخرێتە ئامادەباشییەوە، تەنها بۆ ئەوەیە لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە فشار بکەن، بەڵام کیێڤ بەوە ناترسێندرێت.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیتری کۆلیبا وتی ڕووسیا وازی لە مەرجە پێشوەختەکانی هێناوە بۆ گفتوگۆکان، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووبەڕووی شکستێکی سەربازیی بوونەتەوە. وتیشی ئۆکرانیا گوێ لە ڕووسیا دەگرێت تاوەکو بزانێت دەیەوێت بڵێ چی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی ڕووسیا ڕازیبووە لە شوێنێکی نزیک لە ڕووباری پریپات لەسەر سنووری بێلاڕووس کۆببنەوە.

هێشتا ڕوون نیە کێ نوێنەرایەتی هەردوولا دەکات لە گفتوگۆکاندا. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆکرانیا وتیان ئۆکرانیا جێگرەکەی کۆلیبا دەنێرێت بۆ کۆبوونەوەکە، بەدیاریکراویش شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

کۆلیبا وتی " ئەم ڕاگەیاندن و فەرمانە وەکو هەوڵێک بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر شاندەکەی ئۆکرانیا دەبینین. بەڵام ئێمە چۆک بۆ ئەم فشارە دانادەین."

هەفتەی ڕابردوو ڕووسیا لە سێ بەرەوە هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری ئۆکرانیای بۆردومان کرد، هەروەها بەرەو کیێڤی پایتەختیش پێشڕەوی دەکات.

ئۆکرانیا دەڵێت تاوەکو ئێستا ڕووسیا هەزاران سەربازی ڕووسی کوژراون، بەڵام ژمارەی کوژراوەکان هێشتا بەشێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە و ڕووسیاش ژمارەکانی بڵاونەکردۆتەوە.

کۆلیبا وتی " دەمەوێت بەبیرتان بخەمەوە تەنها دوو ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد، ڕووسیا ئەنجامدانی هیچ گفتوگۆیەکی بەلاوە گرنگ نەبوو، دوای ئەوەی زیانی گیانیان لێکەوتەوە، هێرشەکەشیان شکستی هێنا، ڕووسیا بە زمانی دوا ئاگاداری دەستی بە قسەکردن کرد."

وتیشی " لەکاتێکدا ڕووسیا بەردەوام بوو لە ناڵاندن، لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووی شکست دوای شکست بوونەوە، داواکان و مەرجە پێشوەختەکان و دوا ئاگادارییەکانیان نەمان، ئێستا پەیامێکیان ناردووە بۆمان و دەڵێن تەنها دەمانەوێت قسە بکەین."

زیلینسکی وتی دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆدا، ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆ دروست بوو. سەرۆکی ئۆکرانیا وتیشی لوکاشینکۆ ئەو بەرپرسیارێتیەی خستۆتەسەر شانی خۆی کە لەمیانەی گەشتەکەمدا سەرجەم فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئەو موشەکانەی کە لەسەر خاکی بێلاڕووس جێگیرکراون، نەجوڵێن.

لە ماوەی گفتوگۆکانی پێشتری ڕووسیا و ئۆکرانیادا لە دوای ساڵی 2014 وە، بێلاڕووس بووەتە نێوەندێک لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، بەڵام ئەم جارە ئۆکرانیا ڕەتی کردەوە گفتوگۆ نوێیەکان لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر خاکی بێلاڕووس ئەنجام بدات، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی بێلاڕووس بووەتە یەکێک لەو شوێنانەی کە ڕووسیا بەکاریهێناون بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG