Accessibility links

شۆڵز: ئەڵمانیا بەنیازە خەرجی بەرگریی وڵاتەکە زیاتر بکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو خەرجی بەرگریی وڵاتەکە زیاد دەکات، ئەمەش لە گۆڕانێکی دیکەی سیاسەتی ئەڵمانیادا کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دروستبوون.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەڵمانیا پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا ڕاگرت و ڕازیبوو چەک بدات بە ئۆکرانیا، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر ڕەتی دەکردەوە چەک بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.

شۆڵز وتی " دەبێت زیاتر وەبەرهێنان لە ئاسایشی وڵاتەکەی خۆماندا بکەین تاوەکو دیموکراسی و ئازادیمان بپارێزین."

ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکا داوا لە ئەڵمانیا دەکات خەرجی بەرگرییەکەی بۆ لە سەدا 2 زیاد بکات، بەڵام ئەڵمانیا هەمیشە بەرهەڵستی ئەو داوایەی کردووە.

بەپێی ئامارەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، پێشبینی دەکرا ئەڵمانیا لە سەدا 1.53 ی داهاتی ناوخۆی لە بەرگریدا خەرج بکات.

شۆڵز وتی حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە 100 ملیار یۆرۆ لە بودجەی ساڵی 2022 دا بۆ وەبەرهێنانە سەربازییەکان دابین بکات. لە ساڵی 2021 دا تەواوی بودجەی بەرگری ئەڵمانیا 47 ملیار یۆرۆ بووە.

شۆڵز وتی ئەڵمانیا دەکرێت فڕۆکەی جەنگی ئێف - 35 ی دروستکراوی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکا بکڕێت و جێی فڕۆکە تۆرنادۆکانی بگرێتەوە کە کۆن بوون.

وتی بەڵام نەوەی نوێی فڕۆکە جەنگی و تانکەکان دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا لە ئەوروپا دروست بکرێن، بەتایبەتی لەگەڵ فەڕەنسادا.

ئاماژەشی بەوەدا ئەڵمانیا دەبێت خێرا بجوڵێت بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستنی بە سوتەمەنی ڕووسیا.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەڵمانیا بۆ پێدانی موشەکی دژە فڕۆکە و موشەکی دژە تانک بە ئۆکرانیا، شۆڵز وتی " جگە لەوە هیچ وەڵامێکی دیکە نیە بۆ دوژمنکارییەکەی پوتن."

شۆڵز وتی سەرکردایەتی ڕووسیا بەمزووانە هەست بەو باجە گەورەیە دەکەن کە دەبێت لەسەر ئەم جەنگە بیدەن.

وتی " ئێمەش مافی خۆمانە سزای زیاتر بسەپێنێن بەبێ ئەنجامدانی هیچ کارێکی قەدەغەکراو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG