Accessibility links

وڵاتانی جیهان وەڵامی هەڵوێستەکانی ڕووسیا دەدەنەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا


حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان وەڵامی ڕووسیایان دایەوە سەبارەت بە دانپێدانانی ڕووسیا بەو ناوچە جیاخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وەک کۆماری سەربەخۆ، هاوکات زۆربەی وڵاتان ئەم هەنگاوەیان شەرمەزار کرد و داوای چارەسەری دیپلۆماسییان کرد بۆ ئەو قەیرانە.

لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا هێرشە بۆ سەر سەروەری هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکەوتننامەی دەستوری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووبەڕووی سزای مەترسیدار و دەستبەجێ دەبێتەوە." درەنگانێکی رۆژی دووشەممە گوتیشی ئێمە بەردەوامین و لەو باوەڕەداین کە مێزی گفتوگۆ تاکە شوێنێکە بۆئەوەی وڵاتە بەرپرسەکان ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە سەرەتای ڕۆژی سێشەممەدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو کارەی ڕووسیای بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یەکگرتووی سیاسی خاکی ئۆکرانیا و سەروەریی و سەقامگیری خاکی ئۆکرانیا" ناودێر کرد.

لە پاریس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان ئێڤ لۆ دریان ئەو هەنگاوەی ڕووسیای شەرمەزار کرد و گوتی ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

جۆزێپ بورێل ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند؛ یەکێتی ئەوروپا تەواوی مەودای سزاکان ناسەپێنێت لە ئێستادا، بەڵکو هەر لە رۆژی دووشەممەوە ڕێوشێنەکان دەسەپێنێت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا کە "پاکێجێکی زۆر بەهێز لە سزاکان" بسەپێنێت لە ئەگەری داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا و کردەوەکانی پوتنی بە "پێشێلکارییەکی هێجگار ئاشکرا" بۆ سەروەری ئۆکرانیا وەسفکرد.

ژانگ جون، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بەردەوام بن لە خۆئارام گرتن و "بەدوای چارەسەری گونجاودا بگەڕێن".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای خۆئارام گرتن کرد و گلەیی لە "دەستێوەردانەکان و کارە وروژێنەراکان کرد بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە" بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخی ناوچەکە.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ جێنس ستۆلتێنبێرگ گوتی " ڕووسیا بەردەوامە لە تاوپێسەندنی ناکۆکیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ جوداخوازەکان" و " هەوڵ دەدات دووبارە پاساوێک بهێنێتەوە بۆ داگیرکردنەوەی ئۆکرانیا".

فومیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کارەکانی ڕوسیای بە "ناپەسەند" ناودێر کرد و وتی " ژاپۆن بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری پەرەسەندەنەکان دەکات".

سوریا کە هاوپەیمانێکی ڕووسیایە و پشتی بە پشتیوانی سەربازی ڕووسیا بەست لە کاتی شەڕ و ناکۆکییەکانیدا، تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی سوریا لە زاری فەیسەڵ ئەلمقداد وەزیری دەرەوەوە دەڵێت سوریا پشتگیری لە بڕیارەکەی ڕووسیا دەکات و "هاوکاری دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی گریک ڕایگەیاند ئەم کارەی ڕوسیا بە " پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما بنچینەییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و تەواوی خاکی ئۆکرانیا و ڕێککەوتننامەکانی مینسک" ناودێر کرد.

ئانلینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی ڕوسیا "هەموو ئەو بەڵێنانەی دابووی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشێلدەکات".

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور " نیگەرانییەکی ڕژدی" دەربڕیوە سەبارەت بەهەڵکشانی گرژییەکانی سنووری ڕوسیا و ئۆکرانیا و پشتیوانیشی بۆ "سەروەری ئۆکرانیا و پاراستنی خاکەکەی" دەربڕیەوە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG