Accessibility links

بۆریس جۆنسن: بەڕیتانیا دەستبەجێ سزای قورس بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەڵێت بەڕیتانیا دەستبەجێ سزای ئابووری قورس دەسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن فەرمانیکرد بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

شایەتحاڵێکی ڕۆیتەرز تانک و کەلوپەلی دیکەی سەربازیی بینیوە کە بە ناو شاری دۆنێتسکی ژێردەسەڵاتی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا ڕۆیشتوون، ئەوەش دوای ئەوەی پوتن دوو هەرێمەکەی بە فەڕمی ناساند و فەرمانیکرد هێزی ئاشتی پارێزی ڕووسی ڕەوانەی ناوچەکە بکرێن.

جۆنسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەستبەجێ کۆمەڵێک سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنین."

جۆنسن وتیشی " دەبێت جەخت لەمە بکەمەوە، ئەمە تەنها سەرەتای سزاکانی بەڕیتانیایە بۆ سەر ڕووسیا، چونکە پێشبینی ئەوە دەکەین ڕەفتاری ناژیرانەی دیکەی ڕووسیا بەڕێوە بێت."

جۆنسن وتی لە کاتژمێر 12:30 خولەکدا سزاکان دەخەینە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە.

جۆنسن وتی " سزاکان تەنها کەس و لایەنەکانی هەرێمەکانی دۆنباس و دۆنێتسک و لوهانسک ناگرنەوە، بەڵکو کەس و لایەنەکانی ناو ڕووسیاش دەگرنەوە. بە توندترین شێوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا دەکەینە ئامانج."

بەڕیتانیا هەڕەشەی ئەوەی کردووە ڕێگە لە دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیا ڕووسییەکان بە دۆلاری ئەمەریکی بگرێت و مامەڵەکانیان لە لەندەن ڕادەگرێت و وەکو جۆنسن خۆی دەڵێت " بوکەڵەکەی ڕووسیا " لە موڵک و کۆمپانیاکانیان ئاشکرا دەکات.

تاوەکو ئێستا بەڕیتانیا ئاماژەی بەوە نەداوە بەدیاریکراوی کێ دەکرێتە ئامانجی سزاکان، بەڵام بەڵێنیداوە هیچ شوێنێک نابێت دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا بتوانن خۆیانی تیادا حەشار بدەن. جۆنسن ئاماژەی بەوەداوە سزاکان لەوانەیە بانکەکانی ڕووسیاش بگرنەوە.

لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991 دا، سەدان ملیاران دۆلار لە ڕووسیاوە هاتوونەتە لەندەن و ناوچەکانی دەرەوەی بەڕیتانیاوە، لەندەنیش لەنێو شارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووەتە بژاردەی دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا و بەرپرسەکانی دیکەی وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت.

جۆنسن وتی " پوتن بۆی دەردەکەوێت کە حساباتێکی زۆر هەڵەی کردووە." ئاماژەی بەوەدا وادەردەکەوێت مۆسکۆ بەنیازی داگیرکردنێکی بەرفراوانی ئۆکرانیا بێت.

ڕۆژی سێشەممە جۆنسن ڕابەرایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی کرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، جۆنسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە کارەسات لە ڕەوشەکەی ئێستادا ئەوەیە سەرۆک پوتن دەوری خۆی داوە بە ڕاوێژکاری خراپ کە پێی دەڵێن ئۆکرانیا وڵاتێکی گونجاو نیە. پێشم وایە بۆی دەردەکەوێت کە حساباتێکی زۆر هەڵەی کردووە."

جۆنسن وتی سزاکان زۆر بە توندی لە ئابووری ڕووسیا دەدەن.

وتی " زۆر بە توندی لە ڕووسیا دەدەن، سزای دیکەی زۆریش ماون ئامادەمان کردوون بۆ ئەوەی ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات بیسەپێنین بەسەریدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG