Accessibility links

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا


بڕیار وایە ئەمەریکا و بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە سزای زیاتر لە دژی ڕووسیا ڕابگەیەنن لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی یەکێتی ئەوروپا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆیان، ئەمەش دوای ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دێت کە ناوچەکانی دۆنیتسک و لوهانسک وەک دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا لە کاتێکدا ڕەتی کردەوە هیچ وردەکارییەک لە بارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە کورتخایەنەوە بدات، لە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی گوت " ئەمەریکا ڕێوشوێنی زیاتر دەگرێتەبەر و ڕووسیا بەرپرسیارە لەو پێشێلکارییە ئاشکرا یاساییە نێودەوڵەتییانە و پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکرانیا و سەقامگیری هەرێمەکە، هەروەها پێشلکارییە نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا بەرامبەر پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە."

لیز ترۆس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەمان زمانی هاوشێوەی بەکارهێنا بۆ پێشبی کردنی گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکومەتەکەی دەیگرێتەبەر، لەکاتێکدا نوێنەرانی فەرەنسا و ئەڵمانیا وتوێژیان لەسەر ئەوە کرد کاتێک لەدانیشتنێکی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێکیان پێشکەش کرد.

ڤۆڵۆدەمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە داوای سزای دەستبەجێی کرد، لەوانە ڕاگرتنی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 کە ڕووسیا رێبەرایەتی دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دەستدرێژیی زیاتری ڕووسیا بکات.

بە درێژایی ئەو چەند هەفتەیەی پێشوو هاوپەیمانانی ئەمەریکا و ئەوروپا هۆشداریان داوە لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکان بۆ ڕوسیا ئەگەر داگیرکاریەکی نوێ بۆ ئۆکرانیا ئەنجام بدات، لە کاتێکدا ئەو ئەگەرە بە نیگەرانییەکی گەورەوە سەیردەکرێت کە ڕووسیا 150 هەزار سەرباز و کەرەستە و جبەخانەی سەربازی بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە.

دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکان و دانیشتوانی دۆنیتسک بۆ دەنگی ئەمەریکایان پشتڕاست کردەوە کە تانکە ڕوسییەکان لە کاتی شەودا چوونەتە ناو ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە کە ئایا ئامادەبوونیان مانای هەڵمەتێکی سەربازی گەورەیە یان لەبری ئەوە پشتیوانی ئەو بزووتنەوە میلیشیاییە دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانی لێدەکات.

سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک سزای سەرەتایی دەرکرد لە وەڵامی دانپێدانانی پوتن بۆ ئەو ناوچانە وەک هەرێمی سەربەخۆ و دژی بڕیارەکەی پوتن بە بڵاوکردنەوەی ئەو هێزەی کە ناوی لێناوە هێزی ئاشتی پارێزی ڕووسیا.

بەرپرسێکی باڵای بەرێوەبەرایەتیەکەی بایدن بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە خولی یەکەمی سزاکان بەتایبەتی پەیوەندی بەو ڕێوشوێنانەوە هەبووە، بەڵام " ئەو ڕێوشوێنە ئابوریە خێرا و مەترسیدارانە ناگرێتەوە کە ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمدا ئامادەمان کردوون لە کاتێکدا ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات."

فەرمانەکەی بایدن وەبەرهەمهێنان و بازرگانی و دابینکردنی دارایی نوێ لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە لەو ناوچانە قەدەغە دەکات، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیەکەش دەڵێت" ئەمە تەنیا گوتارێک نەبوو لەبارەی ئاسایشی ڕوسیاوە" هێرش بوو بۆ سەر بیرۆکەی ئوکرانیایەکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری. پوتن ڕوونیکردەوە کە ئۆکرانیا لە مێژوودا وەک بەشێک لە ڕوسیا بینراوە. ئەو چەند تۆمەتێکی هەڵەی سەبارەت بە ناکۆکی ئۆکرانی هەژمارکرد کە وا دەردەکەوت ئامانجیان پاساوهێنانەوە بێت بۆ ئەگەری کردەوەی سەربازی. ئەمە گوتارێک بوو بۆ گەلی ڕوسیا بۆ ئەوەی پاساوبهێننەوە بۆ ئەو جەنگە."

ئەو بەرپرسە باسی لەوە نەکرد کە ئایا هێشتا پلانەکان بۆ وەزیری دەرەوە ئانتۆنی بلینکن بۆ بینینی سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا ڕوسیەکەی لە دوای ئەم هەفتەیە بەڕێوەیە یان نا. کۆبوونەوەکە بە مەبەستی زەمینەخۆشکردن بوو بۆ کۆبوونەوەی ئەگەری نێوان پوتن و بایدن، ولایتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت هەردووکمان لەسەر بنەمای داگیرنەکردنی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا رادەوەستین.

بەرپرسه که گوتیشی " ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی دیبلۆماسی تا ئەوکاتەی تانکەکان ڕوووەردەگێڕن." ئێمە هیچ خەیاڵێکمان نییە دەربارەی ئەوەی دواتر چی ڕوودەدات. ئێمە ئامادەین وەڵامی یەکلاکەرەوە بدەینەوە کاتێک ئەمە روودەدات.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لایەنی ڕوسیا "ئامادەیە بۆ دانوستان".

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وابڕیارە بلینکن ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکیدا لە واشنتن میوانداری دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بکات دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە بە تەلەفۆن قسەی کرد لەبارەی " جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیە جیگیرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئۆکرانیا."

ڕۆژی دووشەممە، شیکەرەوە و نوسەر ئەنجێلا ستێنت لە پەیمانگای بروکینگز وتی کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی لە نێوان بایدن و پوتن دا پێشنیارێکی هێجگار گرنگ و تایبەتە.

ئەنجێلا ستێنت دەڵێت "لەم قۆناغەدا پێموایە دەبێت دانیشتنێکی تایبەتی تر لەنێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکی ڕوسیا پوتین دا هەبێت بەبێ دانانی چەند مەرجێک بۆ ڕوسەکان، بەبێ ئەوەی هەندێک نیەتی باش یان بەرژەوەندی دڵسۆزانە نیشان بدات بۆ گفتوگۆکان بە پێچەوانەکردنەوەی ئەو شتانەی کە رۆژنامەوانان و شیکەرەوەکان دەیڵێن "کە شتێکی لۆجیکی نیە هەستن بەم هەنگاوە" لەبەرئەوەی وەک دەزانن لە پێناو کرملین دا ئەم هەنگاوە دەنێن و وەک ئەوە وایە ئەوان بەردەوام هەنگاو دەنێن و کاردەکەن بەبێ ئەوەی بایەخ بدەن بە دانوستانەکان."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
XS
SM
MD
LG