Accessibility links

نیوزیلاند خەڵاتی ئازایەتی و بەجەرگی دەبەخشێت بە قارەمانەکانی هێرشەکەی ساڵی 2019 ی نێو دوو مزگەوتی وڵاتەکە


پیاوێکی ئەفغانی، کە لە مانگی سێی ساڵی 2019 ڕووبەڕووی ئەو چەکدارە بۆوە کە 51 کەسی لە دوو مزگەوتی شاری کرایسچێرچی نیوزیلاند کوشت، بەرزترین خەڵاتی ئازایەتی وڵاتەکەی پێبەخشرا.

عەبدوڵ عەزیز یەكێکە لەو 10 کەسەی ڕێزیان لێگیراوە بۆ بەجەرگییان لە میانەی هێرشەکەی ساڵی 2019 لە دوو مزگەوتی کرایسچێرچی نیوزیلاند.

ئەو پیاوەی کە پێشتر پەنابەرێکی ئەفغانی بوو ئامێرێکی کارتی متمانەی بانقی فڕێدابوو بۆ چەکدارەکە کاتێک لە نێوەندی ئیسلامی لینوو دەستی بە دەستڕێژی گولە کردبوو. پاشان بەسەر تەرمەکاندا ڕایکردبوو ئەو دەمانچەیەی هەڵگتبۆوە کە لە دەستی هێرشبەرەکە کەوتبوو و دوای هێرشبەرەکە کەوتبوو.

عەزیز خەڵاتی خاچی نیوزیلاندی بۆ بەجەرگی و ئازایەتی پێبەخشرا. ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ نیوزیلاند گوتی لەو کاتەدا تەنها بیری لەوە کردبۆوە کە ژیانی ئەو خەڵکەی نێو مزگەوتەکە بپارێزێت.

ئەو گوتی " ئەگەر ئەو کارەم نەکردبا، ژیانی زۆرێک لە برا و خوشکانمان لەدەستدەدا، تەنانەت خۆشم، ڕاستییەکەی لەو کاتەدا بیرم لەوە نەکردەوە چەندێک مەترسیدارە یانا نا."

کەسێکی تری نێو مزگەوتەکە بەناوی نەعیم ڕەشید، کە پاش ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەکدارەکە لە مزگەوتی ئەلنوور گیانی لەدەستدا، پاشان خەڵاتی خاچی نیوزیلاندی پێبەخشرا. کاربەدەستان دەڵێن ئازایەتی ئەویش بووە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی تر.

ئەمبەرین نەعیمی هاوسەری لە بەیاننامەیەکدا گوتی " ئەم خەڵاتە تەنها بۆ ئەو نییە، بەڵکو بۆ هەمو کەسێکە کە دەخوازێت بە ئاشتیانە بژێت و دژی ڕق و کینە دەوەستێتەوە."

سەرۆک وەزیری نیوزیلاند جەسیندا ئاردێرن گوتی ئەم خەڵاتە ئەو دوو پۆلیسەش دەگرێتەوە کەکە چەکدارەکەیان دەستگیرکرد.

برێنتن تارانت، کە هاووڵاتی ئوسترالیایە و خۆی بە نەتەوە پەرستی سپی پێست لە قەڵەمدا، لە ئێستادا سزای زیندانی هەتا هەتایی بەهۆی ئەو هێرشانە بەسەردەبات. ئەو دانی بە کوشتنی 51 کەس و هەوڵی کوشتنی 40 کەسی تردا ناوە کە بریندار بوون.

زۆربەی قوربانییەکان کۆچبەر بوون لە ناویاندا کۆچبەری سوریا، کە بە مەبەستی ڕزگاربوونیان لە توندوتیژی روویان کردبووە نیوزیلاند.

لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا دادوەرێک گوتی کردارەکەی تارانت " نامرۆڤانە" بوو. ئەو هەرگیز لە زیندان ئازاد ناکرێت.

XS
SM
MD
LG