ئەو گەنجە نەرویژیـیەی دەستگیرکراوە بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی خەڵکی لە نێو مزگەوتێکی شارۆچکەیەکی نزیک شاری ئۆسلۆ لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە و هەروەها کوشتنی خوشکەکەی، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.
یونی فریز پارێزەری فلیپ مانسهاوسی تەمەن 21 ساڵ ئەمڕۆ بە میدیاکانی پشتڕاستکردەوە ناوبراو تۆمەتەکانی دژی ڕەتدەکاتەوە و بڕیاری داوە لە دانیشتنی لێکۆڵینەوەی ئەمڕۆی دادگا ئەو مافەی بەکاردەهێنێت کە دەتوانێت قسە نەکات.
پـۆلیسی نەرویژ دەڵێت ڕەنگە فلیب بە بە هەوڵی ئەنجامدانی کارێکی تێرۆرستی تۆمەتباربکرێت.
پارێزەرەکە ڕەتیکردەوە فلیپ هەوڵی دابێت لاسایی هێرشی سەر مزگەوتەکەی نیوزیلاند بکاتەوە، ئەوەی ڕەگەزپەرستێک 51 کەسی کوشت.
جێی ئاماژەیە بەرەبەیانی شەممە فلیپ بە چەکەوە خۆی کردبوو بە نێو مزگەوتی ئەلنور لە شارۆچکەی باروم کە نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە شاری ئۆسلۆوە دورە، لەوێ دەستیکردبوو بە تەقەکردن و کەسێک برینداربووە، پاشان پـیاوێکی تەمەن 75 ساڵ ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەستگیردەکرێت.
پـۆلیس چوونەتە ماڵەکەی و لەوێ خوشکی تاوانبارەکەیان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە. بەپـێی میدیاکان خوشکی ڕاستەقینەی خۆی نەبووە و بە ڕەچەڵەک چینی بووە و خێزانەکەی پەروەردەیان کردبوو.