Accessibility links

هەشت ڕۆژ پاش هێرشەکەی نیوزیلاند هەردوو مزگەوتەکە دەکرێنەوە


هەشت ڕۆژ پاش هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر دوو مزگەوتی شاری کرایسچەرچ لە نیوزیلاند، مزگەوتەکان جارێکی تر کرانەوە.

ڕۆژی شەممە لە مزگەوتی ئەلنور کە 40 کەس لە قوربانییەکان لەوێ کوژرابوون، دیاردەی ئەو ڕووداوە ترسانەکە کەم دەردەکەوت. دیوارەکان بۆیاخ کرابوونەوە، شوێنی گوللەکان داپۆشرابوون و پەنجەرەی نوێش دانرابوو.

شازادە حەسەن بن تەلالی ئوردن یەکێک لە سەدان کەس بوو کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتی ئەلنوردا بەشداری کرد. بەشداربووانی تریش ڕزگاربووانی هێرشەکە و ئەو کەسانە بوون کە قوربانییەکانیان دەناسی.

شاغات خان سەرۆکی ڕێکخراوی موسوڵمانانی کانتربێری ڕایگەیاند " بێگومان ئەوانەی کە کەسوکاریان لە دەستداوە زۆر خەمبارن و ئەوانەش کە لە کاتی ڕووداوەکە لێرە بوون بێگومان یادەکەیان بۆ تازە بۆوە."

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە هەر لە شاری کرایسچەرچ ڕێپێوانێک بۆ خۆشەویستی سازکرا کە خەڵکی بەبێ دەنگی ڕێپێوانیان دەکرد. یەکێک لە دروشمەکانی بەرزکرابۆوە نوسرابوو " پێشوازی لە موسوڵمان دەکەین نەک نژاد پەرست."

XS
SM
MD
LG