Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت پلانی هەیە بۆ پاراستنی ئۆکرانیا لە ڕووسیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند چەند دەستپێشخەرییەک ئەنجام دەدات کە تیایدا " زۆر زۆر سەخت دەبێت " بۆ ڕووسیا گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەسەر سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا پەرەپێبدات، لە کاتێکدا مۆسکۆ چەند هەفتەیەکە هێز لەو ناوچەیە کۆدەکاتەوە.

بارودۆخی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو ترسەی کە ڕەنگە مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی دراوسێی هەبێت.

شەڕانگێزییەکانی ڕووسیا بووە جێگای سەرنجی کۆبونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ لەم هەفتەیە، کە سکرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆلتنبێرگ تیایدا هۆشداری دا بە ڕووسیا هەر توندوتیژییەک نرخێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ گوتی ئەمەریکا و ئۆکرانیا ڕەنگە خۆیان هێرش ئەنجام بدەن.

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری کاربەدەستانی ئەمەریکا و ئەوبەڵگانەی کە لەلایەن ڕۆژنامەکەوە بەدەستهاتوون ڕایگەیاند، ڕووسیا پلانی هەیە لەچەند لایەکەوە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و لەو هێرشەشدا هەتا 175 هەزار سەرباز بەشدار دەبن.

ڕۆژنامەکە دەڵێت بەڵگەنامە زانیارییە ئاشکراکانی ئەمەریکا چەندین وێنەی سەتەلایتی بەدەستهێناوە کە نیشان دەدات نزیکەی 70 هەزار سەربازی ڕووسیایی لە چوار شوێنی نزیک سنووری ئۆکرانیا بڵاوبوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت "نیگەرانییەکی قوڵی هەیە لەسەر ئەو بەڵگانە"ی کە ڕووسیا پلان دادەڕێژێت بۆ " کرداری شەڕانگێزانە" دژ بە ئۆکرانیا.

هەرچەندە گوتەبێژی وەزارەتەکە کۆلۆنێڵ تۆنی سەمەلرۆت هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە نەداوە کە ڕووسیا ڕەنگە خۆی بۆ هێرشێک ئامادە بکات بە بەشداری 175 سەرباز لە چەند لایەکەوە.

ئەو گوتی " ئێمە پەیوەندیمان بە هەڵسەنگاندنەکانی زانیارییەوە نییە، بەڵام ئێمە نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە لەسەر ئەو بەڵگانەی کە ڕووسیا پلانی داڕشتووە بۆ کرداری شەڕانگێزانە دژ بە ئۆکرانیا. هەروەکو وتمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردن لە هێورکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکە و چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا."

پێشتر هەر لە ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلیسکی ڕەزنیکۆڤ گوتی ڕووسیا لە ئێستادا ڕووسیا زیاتر لە 94 هەزار سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیر کردووە. گوتیشی پێیوایە ئەمە ئامادەکراییە بۆ هێرشێکی گەورەی چەکداری لەکۆتایی مانگی یەک.

کاتێک ئێوارەی هەینی لە کۆشکی سپی لەمبارەیەوە پرسیار لە سەرۆک بایدن کرا، ئەو بە پەیامنێرانی گوت لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و لە ئۆکرانیا. سەرۆک بایدن گوتیشی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤان زۆر بە توندی لە هەوڵدان.

سەرۆک بایدن گوتی بەرێوەبەرایەتییەکەی " بە باوەڕی من گشتگیرترین و بەماناترین دەستپێشخەری دادەڕێژێت بۆ ئەوەی زۆر زۆر زەحمەت بێت بۆ بەڕێز پوتن ( ڤلادمێر پوتنی سەڕۆکی ڕووسیا) تا ئەو کارە بکات کە خەڵکی نیگەرانن لەوەی بیکات. بەڵام ئەمە ئێستا لە تاوتوێکردن دایە."

سەرۆک بایدن هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو دەستپێشخەرییانە نەدا.

لەم هەفتەیە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشی ناوچکە لە ئارادا بوو. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە لە ستۆکۆلم چاوی بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کۆلیباش کەوت.

کرملن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کار کراوە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی بایدن و پوتن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

XS
SM
MD
LG