Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ڕوسیا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریدایە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئەوا ڕووبەڕووی " دەرەنجامی قورس دەبێتەوە." هەروەها داواشی لێکرد چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزێتەوە بۆ ململانێکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆهەڵاتی ئەوروپا.

هۆشدارییەکەی بلینکن بۆ هاوتا ڕوسییەکەی دوای ئەوە هات لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆبوونەوە، هەروەها ڕۆژێک دوای ئەوە دێت بلینکن وتی " ئەمەریکا وەڵام دەداتەوە " ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لاڤرۆڤ، بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە مۆسکۆ بەباشی ئەو شتانە دەزانێت کە دەکرێت ئەنجام بدرێن، گفتوگۆیەکی وردمان ئەنجامدا سەبارەت بە نیگەرانیەکانمان، لەوانەش ئەگەری دوژمنکارییەکی نوێی ڕوسیا لەدژی ئۆکرانیا و هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ئۆکرانیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا."

بلینکن بەر لە کۆبوونەوەکە وتی ئەمەریکا یارمەتی ڕوسیا و ئۆکرانیا دەدات بەرپرسیارێتیەکانیان لە ڕێکەوتنی ئاشتی ساڵی 2014 دا جێبەجێ بکەن، کە ئامانج لە ڕێکەوتنەکە کۆتایی هێنانە بە جەنگی نێوان هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

ئاماژەشی بەوەدا " بەڵام ئەگەر ڕوسیا بڕیار بدات بەردەوام بێت لە ڕووبەڕووبوونەوە، ئەوا دەرەنجامی قورسی لەسەر دەبێت."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕوسیا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆکرانیادا. وتی " ئێمە، وەکو چۆن سەرۆک ڤلادیمێر پوتن وتی، هیچ ململانێیەکمان ناوێت."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کردەوە توند و وروژێنەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ ڕوسیادا نیگەرانی زیادبوونی ململانێکانی لێکەوتۆتەوە."

وتیشی " هێشتا ئەگەری زیادبوونی ململانێکان لە ئۆکرانیا زۆرە."

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ لاڤرۆڤدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لە بەیاننامەیەکدا وتی " بلینکن جەختی لە داواکانی ئەمەریکای بۆ ڕوسیا کردۆتەوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی و گەڕانەوە بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی ئاشتیانە و پابەندی ڕێکەوتنەکەی مینسک و وەستاندنی شەڕ بێت لە دۆنباس."

هاوکات بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیتری کولیباشدا کۆبۆوە و نیگەرانیەکانی ئەمەریکای سەبارەت بە هەڵوێستی " دوژمنکارییانەی " ڕوسیای دەربڕی.

کولیبا وتی " ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت لە دان بەخۆداگرتن "، هاوکات داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگرنەبەر کە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ناچار بکات " دووجار بیربکاتەوە بەر لەوەی پەنا بۆ هێزی سەربازیی بدات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG