Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا: " نیگەرانیەکی زۆر هەیە " سەبارەت بە چالاکیە سەربازییەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا


مارک مێڵی
مارک مێڵی

جەنەڕاڵێکی باڵای ئەمەریکا وتی ئاماژە و ئاگادارییەکان سەبارەت بە چالاکیە سەربازییەکانی ڕوسیا لەنزیک ئۆکرانیا، وایکردووە " ئەمەریکا نیگەرانیەکی زۆری هەبێت "، هەروەها لێدوانەکانی ڕوسیاش وادەردەکەوێت توندتر بووبێتن.

سەرکردەی فەرماندە هاوبەشەکانی ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مێڵی ڕەتی کردەوە قسە لەسەر جۆری ئەو بژاردانە بکات کە ئەمەریکا لەبەرچاویان دەگرێت ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام مێڵی جەختی لە گرنگی سەروەری خاکی ئۆکرانیا کردەوە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ.

وتی " کۆمەڵێک بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەمەترسیدایە ئەگەر ڕوسیا ئەرکێکی دوژمنکاری لەدژی وڵاتێک ئەنجام بدات کە لە ساڵی 1991 ەوە سەربەخۆیە."

ئۆکرانیا دەڵێت ڕوسیا زیاتر لە 90,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکەی جێگیرکردووە. بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە ئامادەکاری بۆ هێرشێک بکات بۆ سەر ئۆکرانیا و بەرگری لە مافەکانی خۆی کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی هێز لەسەر خاکەکەی خۆی.

لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆ، دواتریش پشتیوانی لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد کە لە دژی حکومەتی ئۆکرانیا دەجەنگن. ئۆکرانیا دەڵێت شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بووەتە هۆی کوژرانی 14,000 کەس.

مێڵی ڕەتی کردەوە بە ئاشکرا باس لە ژمارەی هێزەکانی ڕوسیا بکات لەسەر سنووری ئۆکرانیا، بەڵام وتی نیگەرانیەکان تەنها سەبارەت بە ژمارەی هێزەکانی ڕوسیا نین.

مێڵی وتی " پێتان ناڵێم چاودێری چیمان کردووە و ئاماژە و ئاگادارییەکان لەڕووی هەواڵگرییەوە چین، بەڵام چاودێری هەموویانمان کردووە، زۆر شت هەن کە جێی نیگەرانیەکی زۆرن، بەردەوامیش دەبین لە چاودێریکردن."

مێڵی ڕەتی کردەوە قسە لەسەر ئەوە بکات کە ئاخۆ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان پشت ئەستوور بووە یاخود نا، وتی " دەبێت ئەو پرسیارە لە پوتن بکەیت."

مێڵی وتی " پێم وایە هەڵەیە بۆ هەر وڵاتێک بە پشت بەستن بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بڕیارێکی ستراتیژی بەرفراوان بدات و ئەو کشانەوەیە هەڵبگرێت و لەسەر حاڵەتێکی دیکە جێبەجێی بکات."

وەکو نموونەیەکیش مێڵی باسی لەوە کرد لە ڕابردوودا سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا لە شوێنێک هێزیان کشاندۆتەوە بەڵام ئەرکی سەربازییان لە شوێنێکی دیکە ئەنجامداوە.

وتی " بۆیە ئەمەریکا هەندێک کات وڵاتێکی قورسە بۆ وڵاتانی دیکە تاوەکو لێی تێبگەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG