منداڵەکان، هەر دەیان، ئەو بەیانییە کاتژمێر حەوت لە حەوشەکەیان بوون و لە وانەی ئاینیان تازە گەڕابوونەوە. کاتێک هاونێک کەوتە نزیک ماڵەکەیان، ئەوان پەشۆکان و لە یەکیان دەپرسی لە کوێوە هات؟ لە کوێی دا؟ چەند خولەکێک پاش ئەوە هاوەنێکی نزیکەی پێنج مەتر دوور لە منداڵەکانەوە تەقییەوە.
تەمەننا تەمەن دەساڵ و پیر محەمەدی برای کە تەمەنی 13 ساڵ بوو لەو تەقینەوەیەدا گیانیان لەدەستدا. فازڵ ئەحمەدی تەمەن 9 ساڵان دەستی پەڕی و پارچە بەر قاچی مەسعودەی خوشکی کەوت.
نەسرین ئوزبەک دایکی منداڵەکان بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوەو دەڵێت " ڕامکردە دەرەوە تەنها دوکەڵو تەپوتۆزم دەبینی، بۆنی گۆشت و خوێنم دەکرد."
ئەم ڕووداوە زیاتر لە ساڵێکە ڕوویداوە بەڵام وای لە هەشت منداڵی ڕزگاربوو و دایک و باوکیان نەکرد لە ئەفغانستان هەڵبێن. ئەوان ئەو کارەیان نەکرد هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا کشانەوەی دەستبەجێی خۆی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند، ئەوجا بڕیاریان دا دەبێت بڕۆن.
پیاوێکی تەمەن 19 ساڵانی خێزانەکە لەشکری نیشتمانی ئەفغانستان خزمەتی دەکرد، و تاڵیبان سەربازەکانیان دەکردە ئامانج تەنانەت بەر لەوەش کە دەسەڵاتی وڵاتەکە بگرنەدەست.
ئێستا کە وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، تاڵیبان دەڵێت ئەوان " تۆڵە لە کەس ناکەنەوە" بەڵام پەنابەرە ئەفغانییەکان لە تورکیا دەڵێن سەختە بڕوا بەو قسەیە بکەن. پەنابەرەکان دەڵێن لە ماوەی چەند مانگی پێش کەوتنی کابوڵ، چەکدارانی تاڵیبان کارمەندانی حکومەت و سەربازانیان کردبوو بە ئامانج و لە هەندێک شوێندا دوایان کردبوو هاوسەرگیری کچان و ژنان بە زۆر بکرێت.
عەبدول کەریم ئوزبەکی تەمەن 40 ساڵان باوکی منداڵەکان دەڵێت " تالیبان دەهاتن بۆ داگیرکردنی گوندەکەمان، ئێمە پێش ئەوەی ئەوان بگەن دەرچووین."
تا ئەندازەیەک لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕەوشەکە ئارامترە لە کاتێکدا تالیبان لە بەیاننامەیەکدا لێخۆشبوونی گشتی بۆ سەربازەکانی هێزی ئەفغانستان و هێزەکانی ئاسایش ڕاگەیاند و سورە لەسەر ئەوەی ژنان و کچان ڕێگەیان پێدەدرێت بخوێنن و کاربکەن.
بەڵام یەكێک لە سەرکردەکانی تاڵیبان لە سەر شەقامێکی کابوڵ بە کەناڵی CNN ی ڕاگەیاند " دەبێت بە حیجابەوە بن" ئەو مەبەستی سەرپۆشی ئاسایی موسوڵمانان نەبوو بەڵکو مەبەستی داپۆشینی دەموچاویان بوو.
لە ماڵێکی بچووکی شاری وان لە تورکیا لە نزیک سنوری ئێران پەنابەرانی کابوڵ دەڵێن لەو بڕوایەدان ڕەنگە تالیبان هەنێک لە ڕێبازەکانیان زۆر توند نەکردبێتەوە، بەڵام دواجار خۆیان دەسەلمێنن کە "دڕندەتر"ن لە نەوەی پێشوویان.
نەفیسا ئالۆزانی دایکێکی تەمەن 40 ساڵان، لە گوندێکی کەنار شارێکەوە هاتووە کە لە ژێر دەستی تالیباندابووە. ئەو بەزۆر لە قوتابخانە دەرهێندراوە و لە ماڵەوە دانراوە، وپاشان درا بە پیاوێکی ڕیش درێژ بە پێی ڕێنماییەکانی تالیبان.
ئەو وتی"ئەو کاتە، سەرەتا خەڵک پێشوازیان لێکردن بەڵام لە کۆتاییدا نیشانیان داین کە ئەوان کێن."
ئەو گوتیشی سێ مانگە لەمەوبەر کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیاری کشانەوەی تەواوی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند ئەو کات گوێت لەو دەبوو کە تالبیان دەگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات. گوتیشی هاوسەرەکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراوە، ئەو پۆلیس بوو، بۆیە ئەمە وای کرد هەر پێنج کوڕەکەی ژیانیان بەهۆی تالیبانەوە لە مەترسیدابێت.
عەبدول شائاغا-ی تەمەن 30 ساڵان کە دەکاتە شوبرای نەفیسا دەڵێت ژنان و کچانیش ئێستا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیاوازتر لە تالیبانی نەوەدەکان دەبنەوە " ئەوان ئێستا دەگەڕێن بە شوێن ئەو کەچانەی کە 16 یان 17 ساڵانن تا هاوسەرگیری بکەن." ئەو ئەو شێوازی هاوسەرگیرییەی نەک بە شتێکی ڕۆمانسی بەڵکو بە ڕفاندن وەسف کرد و گوتی " پێشتر ئەو جۆرە کارەیان نەدەکرد."
لە نێو ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی کە لە شاری وان دەژین زۆربەیان ئەندامی پێشووی هێزی لەشکری ئەفغانی و هێزەی پۆلیسن ئەوان دەڵێن ڕەنگە بیانتوانیبایە لە وڵاتەکەیاندا پارێزراو بن ئەگەر قائیل ببونایە بەوەی بچنە ڕیزەکانی تاڵیبانەوە.
لە شوقەیەکی قەرەباڵغ و بێکەلوپەلدا، ئومێد سولەیمان زادە، کە تەمەنی 26 ساڵ بوو گوتی، مانگێک پێش ئێستا دوای ئەوەی بە ڕێگای موبایل لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، کابوڵی جێهێشتووە.
ئەو گوتی " ئەوان هەر تەلەفۆنیان دەکرد و دەیانگوت دەبێت لە هێزەکانی حکومەت دەربچیت و بێیت لەگەڵ ئیمە بیت." کاتێک ئەو قسانەی دەکرد کوڕە بچووکەکەی لە پشتی باوکییەوە خۆی دەشاردەوە.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت سێ مانگ لەمەوبەر تاڵیبان براکەیان کوشتووە، پاش ئەم قسانە خۆی پێڕانەگیراو دەستی بە گریان کرد.
پاش ئەوەی دواین هەڕەشەیان لێکرا خێزانەکە بڕیاریان دا وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. ئەوان هەر یەکەو هەزار دۆلاری کۆکردەوە تا بیدەن بە قاچاخچییەکان و لە کابوڵ دەربچن تا گەیشتنە وان. ئێستاش کە تاڵیبان دەسەڵاتی سنوورەکانی لەدەستە ڕوون نییە چۆن پەنابەرەکان دەتوانن لە وڵاتەکە دەربچن و یان تێچووەکەی چەند دەبێت.
زادە گوتی " ئەوە وڵاتی منە، پێشتر هەرگیز لە وڵاتەکەم دەرنەچووبووم. بەڵام ناچاربوون دەربچم."
ئۆزبەک باوکی هەشت منداڵە ڕزگاربووەکەش هەست دەکات هیچ بژاردەیەکی تری نەبووە ئەوە نەبێت کە وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیزانی دەشێت ڕێگای تورکیا تا چ ئاستێک مەترسیداربێت. لە ڕێگای تورکیا، قاچاخچییەکان بۆ ماوەی 47 ڕۆژ ئەو و خێزانەکەییان ڕفاند و ڕووبەڕووی چەندین دەستگیکردن و ئەشکەنجە بوویەوە.
ئەو جێگای ئەو ئەشکەنجانەی نیشان دا و گوتی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا بە ئەشکەنجەیان دەدام و پێیان دەگوتم " ئێستا هەر دەتەوێت بێیت بۆ تورکیا؟"
ئوزبەک گوتی هەفتەی ڕابردوو تەنها دوو ڕۆژ بەر لە کەوتنی کابوڵ، ئوزبەک وێنەیکی یەكێک لە هاوڕێکانی بە پەیامی ئەلیکترۆنی پێ گەیشتبووکە لە ڕیزەکانی لەشکری ئەفغانستاندا بوو. لە پەیامەکەدا نوسرابوو هاوڕێکەی و نزیکەی 30 سەربازی تر لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراون.
پاشان دەنگی نزم کردەوەو زمانەکەی گۆڕی بە تورکی، کە هاوسەرو منداڵەکانی لێی تێ ناگەن، و گوتی " برازاکەشم کوژراوە، بەڵام هێشتا بەمانم نەوتووە."
هێدەر مۆرداک/ دەنگی ئەمەریکا