Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات بە زۆر ناردنەوەی ئەفغانییەکان بۆ وڵاتی خۆیان قەدەغە بکرێت


ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتان کردووە، بە زۆر ناردنەوەی هاووڵاتیانی ئەفغانی قەدەغە بکەن، لەکاتێکدا لە دوای کۆنتڕۆڵ کردنی وڵاتەکە لەلایەن تاڵیبانەوە، بەهەزارانیان هەڵهاتوون.

شابیا مانتۆ وتەبێژی UNHCR رۆژی سێشەممە لە ژنێف رایگەیاندووە "وڵاتەکان بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقیشیان لەئەستۆدایە بۆ ڕێگە پێدان بەو ئەفغانیانەی بۆ شوێنێکی سەلامەت هەڵدێن، بەزۆر نەگەڕیندرێنەوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت ئەوانەش کە داوای مافی پەنابەرێتییان کردووەو وەرنەگیراون، بەزۆر رەوانەی ناوچە مەترسیدارەکان نەکرێنەوە. هەروەها مانتۆ دەشڵێت "هێشتا کۆمسیۆن دەربارەی مەترسییەکانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەدژی خەڵکی سیڤیل، بەتایبەتی بەرامبەر بە ژنان و کچان و ئەوانەی لەو باوەڕییەدان کە پەیوەندییان بەحکومەتی پێشووی ئەفغانستان، یان رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان یاخود هێزی سەربازی نێودەوڵەتییەوە هەبووە".

مانتۆ باس لەوەش دەکات کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 550 هەزار ئەفغانی بەهۆی ئەو ململانێو نەمانی ئاسایشەوە، لەنێوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون. ئاماژەش بەوە دەکات کە وڵاتانی وەک ئەمەریکا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە لە رۆژانی ئەم هەفتەیە بەردەوام بوون لەگواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە ژیانیان لەمەترسیدابووە، لەکاتێکدا بارودۆخی مرۆیی لە ئەفغانساتان لە بارودۆخێکی خراپدایە، بەر لەچوونە ناوەوەی تاڵیبان بۆ ناو کابوڵ لە رۆژی یەکشەمەدا. دەشڵێت "18 ملیۆن کەس نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستیان بەکۆمەکی مرۆیی هەیە".

لەلایەکی ترەوە یونسێف هۆشداری داوە بەبێ گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە، نزیکەی 4 ملیۆن منداڵی کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ کەمترە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ روبەڕووی بەدخۆراکی دەبنەوە، ملیۆنێکیشیان بەشیوەیەکی زۆر خراپتر. لەو بارەیەشەوە سەرۆکی بەشی فریاگوزاری یونسێف موستەفا بین مەسعود دەڵێت "ئەفغانستان مەترسیدارترین ناوچەیە کە منداڵ تێیدا بژی، بەپێی راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەئەفغانستان کوژراون یان دەست و قاچیان قرتاوە، لەنیوەی ئەمساڵدا رێژەکەی ئێجگار زۆربەرز بووە، زیاتر لە 550 منداڵ کوژراون و 1400 ی دیکەش بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 1.3 ملیار دۆلاری بۆ ئەفغانستان کردووە، تاوەکو ئێستا کەمتر لە %40 ی ئەو پارەیەی بەدەست گەیشتووە و کەمو کورتی داراییان 800 ملیۆن دۆلارەو بەردەوامیش پێداویستییەکان لەزیادبووندایە.

XS
SM
MD
LG